بەڵێن عەبدوڵا: هەوڵی دروستکردنی یەک لیستیی حزبە کوردستانییەکان لە کەرکووک شکستی هێنا
ئەمڕۆ شەممە 10/2/2018، بەڵێن عەبدوڵڵا، ئەندامی دەستەی سەرۆكایەتیی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان، ڕایگەیاند: "پێشتر ئێمە وەك حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان سەردانی مەكتەبی سیاسی سەرجەم حزبە كوردستانییەكانمان كرد و پێشنیاری خۆمانمان بۆیان ڕوون كردەوە كە لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، بەو پەرش و بڵاوییە نەچینە ناو هەڵبژاردنەوە، چونكە باجێكی زۆر گەورە دەدەین، لەبەر ئەوەی واقعێكی تاڵ بەسەر ئەو ناوچانەدا فەرز كراوە".
روونی كردەوە: "لایەنە سیاسییەكان بەدەم پێشنیارەكەی ئێمەوە هاتن، بۆیە رۆژی چوارشەممەی ڕابردوو كۆبوونەوەیەك لە بارەگای مەكتەبی سیاسیی حزبمان لە شاری هەولێر بە بەشداری ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی لایەنەكان كرا و تاوتوێی ئامادەكارەییەكان بۆ هەڵبژردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە پارێزگاكانی كەركووك و نەینەوا و سەڵاحەدین و دیالە، بەتایبەتیش لە كەركووك كرا".
بەڵێن عەبدوڵڵا، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "لەو كۆبوونەوەدا لە نێوان لایەنەكان تێگەیشتنێكی هاوبەش لەسەر ئەوە دروست بوو كە لەو ناوچانە ئێمە بتوانین ببینە خاوەن یەك لیست و پاشان بڕیار درا كە مەكتەبی هەڵبژاردنی لایەنە سیاسییەكان بۆ رۆژی دواتر كۆ ببنەوە، بۆ ئامادەكاریی زیاتر و رێكارەكانی تر بۆ پێكهێنانی یەك لیستی لە كەركووك، بەڵام نوێنەرانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ كۆبوونەوەكە دوا كەوتن و برادەرانی "لیستی نیشتمانی"ش (گۆڕان و کۆمەڵ و هاوپەیمانیی دیموکراسی و دادپەروەری) پەلەیان كرد و پێش ئەنجامدانی كۆبوونەوەكە ڕۆیشتن، بۆیە كۆبوونەوەكە ساز نەدرا".
جەختی كردەوە: "ئێستا كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عێراق، ماوەی تۆماركردنی قەوارە و هاوپەیمانێتی درێژ كردووەتەوە، ئێمە هەوڵی ترمان داوە لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان بۆ ئەوەی بگەینە ڕێكکەوتنێك، بەڵام پێدەچێت زەمینە لەبار نەبێت بۆ ئەو بابەتە".
پێشتر گۆڕان و كۆمەڵ و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری، هەر زوو بڕیاریان داوە كە بە جیا بەشداری لە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بكەن.
باسنیوز
