گۆڕان هەڕەشەی ئاشکراکردنی ڕووی ڕاستەقینەی شاسوار عەبدولواحید دەکات

 گۆڕان هەڕەشەی ئاشکراکردنی ڕووی ڕاستەقینەی شاسوار عەبدولواحید دەکات
ئەندامێکی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان هەڕەشەی ئەوەی لە شاسوار عەبدولواحید، لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا ”ڕووی ڕاستەقینە“ی ئاشکرا دەکات. هاوکات گۆڕان داواش لە کەناڵی NRTی دەکات، بەخۆیدا بچێتەوە و سیاسەتی خۆی بگۆڕێت.

لەبارەی ئەو هێرش و ڕەخنە بەردەوامانەی لەلایەن شاسوار عەبدولواحیدەوە ئاراستەی بزووتنەوەی گۆڕان دەکرێ، پەیام ئەحمەد، ئەندامی ژووری (پەرلەمان و حکوومەت)ی بزووتنەوەی گۆڕان، ڕایگەیاند: ”بزووتنەوەی گۆڕان وەکو لایەنێکی سیاسی ھەموو ڕەخنەیەک قبوڵ دەکات، بێگومان ڕەخنەکانی شاسوار عەبدولواحید، ئەگەر ڕەخنیەکی بونیادنەر بێت، ئێمە بە سینگێکی فراوانەوە وەری دەگرین، بەڵام ئەگەر ڕەخنەکانی بۆ مزایەدەی سیاسی یان بۆ ئەوە بێت کە کێرڤی گرووپەکەی بەھێز بکات، دواجار پەتی ئەو ڕەخنەیە کورت دەبێ و زەرەرەکەی دوو قات بۆ خۆیان دەگەڕێتەوە“.

گلەیی ئەوەشی لە کەناڵی NRT کرد کە ”خۆی بە کەناڵێکی بێلایەن دەناسێنێت، بەڵام ناکرێت لەو کەناڵەوە بەو شێوەیە ڕەخنە لە بزووتنەوەی گۆڕان بگیرێت، بەڵکوو باشتر وایە کەناڵی NRT بە شێوازی کارکردنی خۆیدا بچێتەوە“.

لەلایەکی دیکەوە، ئەندامێکی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، ڕایگەیاند: ”جارێ وەڵامی ھیچ شتێکی شاسوار عەبدولواحید نادەینەوە، چونکە ھەڵبژاردنەکان زۆری نەماوە، بەڵکوو لەکاتی ھەڵبژاردنەکاندا ڕووی ڕاستەقینەی شاسوار عەبدولواحید بۆ خەڵکی کوردستان ئاشکرا دەکەین“.










باسنیوز
Top