قایمقامی خانەقین: وەزیری ناوخۆی عیراق بەرپرسی دۆسیەی تەقەکردنەکەیە
محەمەد مەلا حەسەن، قایمقامی خانەقین كە لەسەر پشكی یەكێتیی نیشتمانیی کوردستانە، لەبارەی هاتنی وەزیری ناوخۆی عێراق بۆ خانەقین ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ وەزیری ناوخۆی عێراق سەردانی خانەقینی كرد، هەورەها لەمیانەی سەردانەكەیدا بەشداریی لە پرسەی ئەو هاووڵاتییانە كرد كە لە ڕووداوی تەقەكردنەكەی شەوی پێنجشەممە لەسەر هەینی ڕابردوودا كوژران".
ئەو بەرپرسە ئیدارییەی خانەقین ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات: "وەزیر تەنیا بۆ فاتیحا خوێندن بەشداریی لە پرسەكەدا كرد، جگە لەوە هیچی دیكەی لەبارەی ڕوواوەكەوە نەگوت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەو وەزیری ناوخۆی عێراقە و بەرپرسی مەلەفەكانە".
شەوی پێنجەشەممە لەسەر هەینی ڕابردوو بەهۆی ڕوواوی تەقەكردنەوە لە شاری خانەقین حەوت هاووڵاتیی كوژران.
قەزای خانەقین و شارۆچکەکانی دەوروبەری سەر بە پارێزگای دیالە یەکێک لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانە، کەلە دوای ساڵی 2003ەوە زۆربەی کاروبارەکانی لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە بەڕێوە چووە و لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستاندا 98%ی ئەو شارە دەنگیان بە سەربەخۆیی دا.
لە ڕووداوی 16ی ئۆکتۆبەردا خانەقینش بە هاوکاریی گرووپی خەیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر لەلایەن حەشدی شەعبییەوە داگیر کرا و چەندین هاووڵاتیش بە بۆنەی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و خۆپیشاندان لەدژی حەشدی سەعبی شەهید بوون و لەو کاتەوە داگیر کراوە.
باسنیوز
