دوایین ئاماری قوربانییانی مەدەنیی هێرشی تورکیا بۆ سەر عەفرین بڵاو دەکرێتەوە
بەپێی راگەیەندراوێکی سەنتەرەکە، شەوی هەینی 9/2/2018، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا چەندین ناوچەیان لە ناوەڕاستی عەفرین و گوندەوارەکانی بۆردومان کردووە.
جگە لە بۆردومانی ئاسمانی، تۆپخانەی سوپای تورکیا ناوچەکانی شارەدێی شیەیان تۆپباران کردووە و شەڕێکی سەختیش لەنێوان یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و سوپای تورکیا لە گوندەکانی حەج بیلال، جەقلا، ئەرندە، شەکتکا، تەرمیشا و تەتارا رووی داوە.
هەروەک سەنتەری دیموکراسی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان رایگەیاندووە، بەهۆی بۆردومان و تۆپبارانی سوپای تورکیاوە لە رۆژی هەینی، هەشت کەس گیانیان لەدەست داوە و 27 کەسی دیکەش بریندار بوون.
لە رۆژی شەممە 20/1/2018ـەوە، سوپای ئازادی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و سوپای تورکیا بە بەکارهێنانی هێزی ئاسمانی، زەمینی و تۆپخانە، لەژێر ناوی ئۆپەراسیۆنی (چلە زەیتوون)، هێرشیان کردووەتە سەر شاری عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان.
باسنیوز
