لێکۆڵینەوەی پەرلەمان لەبارەی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر و جینۆسایدی خورماتوو بەردەوامە

 لێکۆڵینەوەی پەرلەمان لەبارەی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر و جینۆسایدی خورماتوو بەردەوامە
سەرۆکی لێژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، لە پەرلەمانی کوردستان، ڕای دەگەیەنێت، لێژنەی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکانی خورماتوو بەردەوامە لەسەر کارەکانی.



ئەمڕۆ شەممە 10/2/2018، شوان شێخ ئەحمەد، سەرۆکی لێژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "بەمەبەستی تاوتوێکردنی دۆخی ڕووداوەکانی دوای 16ی ئۆکتۆبەری خورماتوو، لێژنەی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکانی خورماتوو، کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی قەزا و شەلال عەبدول، قایمقامی خورماتوو ساز دا و بەرنامەشمان ھەیە کۆبوونەوەی دیکەش ئەنجام بدەین لەسەر ھەمان بابەت".



ئەوەشی خستەڕوو، لێژنەی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکانی خورماتوو بەردەوامە لەسەر کارەکانی.



لەبارەی سەردانی لێژنەکە بە شێوەی مەیدانی بۆ خورماتوو، شوان شێخ ئەحمەد، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ئێستا دۆخی خورماتوو لە رووی ئەمنییەوە گونجاو نییە سەردانی بکەین، بەڵام ئەوەندی پێمان بکرێ، ھەوڵ دەدەین بەشێوەی مەیدانی سەردانی خورماتوو بکەین".



سەبارەت بە سەرانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ناو یەکێتیی کە کەرکووک و خورماتوو و ناوچە کوردستانییەکانی ئەو سنورەیان ڕادەستی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی کرد، سەرۆکی لێژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، لە پەرلەمانی کوردستان، گوتی: "ئێمە ئێستا لەسەر دۆخی سنووری خورماتوو سەرقاڵی ئامادەکردنی راپۆرتین و ئێمە لە ھەموو ڕوویەکەوە لێپێچینەوە دەکەین و کەی گەیشتینە ئەنجام، راپۆرتی خۆمان دەدەینە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان، ئیتر بە ھەر شێوەیەک بێت".



ھاوکات، عەباس غەزالی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "پێشتر لەپەرلەمانی کوردستان لێژنەیەک لە ھەموو فراکسیۆنەکان پێکھێنرا بۆ ئەوەی کار بکەن لەسەر رووداوەکانی دوای 16ی ئۆکتۆبەر لە خورماتوو و کاری سەرەکی لێژنەکە خستنەڕووی ئەو جینۆسایدەیە کە دژ بە خەڵکی خورماتوو ئەنجام دراون. هاوکات تاوانەکانی حکوومەتی عێراق و حەشدی شەعبی لەو شارە“.



سەبارەت بەوەی کە لێژنەکە کار دەکات بۆ خستنەڕووی ناوی خیانەتکارانی 16 ئۆکتۆبەر و ھەوڵدان بۆ دادگاییکردنیان، عەباس غەزالی گوتی: "ئەو لێژنەیەی ئێستا پێکھێنراوە، ئەرکی کارکردنە بۆ ئاشکراکردنی تاوانەکانی خورماتوو و سەبارەت بە گرووپی خیانەتکاری 16ی ئۆکتۆبەر، ئەوا لێژنەی کاروباری پێشمەرگە ڕاسپێردراوە تا راپۆرتێک لەوبارەیەوە ئامادە بکات".



روونی کردەوە، بێ گومان ئەوانەی دەستیان لە رووداوەکان و چۆن بوونە و چۆن کراوە، دەبێت بخرێتە دەست ھەموو لایەنەکان و بەڵگەی حاشا ھەڵنەگر ھەیە کە گرووپێک دەستیان ھەبووە لە تاوانەکانی 16ی ئۆکتۆبەر.




باسنیوز
Top