کۆشکی سپی نێردراوێکی تایبەت بۆ سووریا دیاری دەکات و پلانێکی تایبەت بە رۆژئاوای کوردستان و رۆژهەڵاتی سووریا دادەڕێژێت.

  کۆشکی سپی نێردراوێکی تایبەت بۆ سووریا دیاری دەکات و  پلانێکی تایبەت بە رۆژئاوای کوردستان و رۆژهەڵاتی سووریا دادەڕێژێت.
حکوومەتی ئەمریکا پلانێکی تایبەت بە رۆژئاوای کوردستان و رۆژهەڵاتی سووریا دادەڕێژێت.



بەپێی زانیارییە بڵاو کراوەکان، کۆشکی سپی (کۆشکی سەرۆکایەتیی ئەمریکا) بە نیازە نێردراوێکی سەرۆکایەتیی وڵاتەکەی بۆ سووریا دیاری بکات، بۆ گەرەنتیکردنی مانەوەی سەربازیی وڵاتەکەی لە رۆژئاوای کوردستان و رۆژهەڵاتی سووریا.



رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت) لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئیدارەی ئەمریکا بۆ مانەوەی لەو ناوچانە، سێ ئامانجی دیاری کردووە و هەوڵ دەدات بە دەستیان بهێنێت.



ئامانجی پلانە نوێیەکەی ئەمریکا:



- کەمکردنەوەی هەژموونی ئێران لە سووریا و رێگریکردن لە دەست بەسەرداگرتنی ناوچەکە لەلایەن تارانەوە.



- گوشارخستنە سەر رووسیا و رژێمی سووریا بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ شەڕی ناوخۆیی سووریا و جێبەجێکردنی بڕیاری 2254ـی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی.



- رێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی رێکخراوی تیرۆریستی داعش.



بڕیاری 2254ـی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە 18/12/2015 بە کۆی دەنگی ئەندامانی ئەنجومەنەکە پەسەند کراوە و تێیدا داوای بەپەلە وەستاندنی شەڕی ناوخۆیی لە هەموو گرووپە شەڕکەرەکانی سووریا (جگە لە داعش و بەرەی نوسرەی باڵی رێکخراوی تیرۆریستی قاعیدە لە سووریا)، دەکرێت.



ئێستا هێزە ئەمریکییەکان لەڕێی هێزەکانی سووریای دیموکراتی (هەسەدە)ـەوە لەسەر خاکی رۆژئاوای کوردستان و رۆژهەڵاتی سووریا جێگیر بوون.



هەسەدە هێزێکی سەربازییە و بە پشتیوانیی ئەمریکا بۆ رزگارکردنەوەی ناوچە داگیرکراوەکانی رۆژئاوای کوردستان و سووریا لە رێکخراوی تیرۆریستی داعش، پێکهاتووە. یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ی باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) باڵی سەرەکیی ئەو هێزەیە.



لە مانگی ئاداری 2011ـەوە (نزیکەی هەشت ساڵە)، شەڕی ناوخۆیی لە سووریا لەنێوان گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن، رێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش و قاعیدە و رژێمی سووریا دروست بووە.



بەهۆی ئەو شەڕانەوە، کە سەراپای وڵاتەکەی گرتووەتەوە، زیاتر لە پێنج ملیۆن هاووڵاتیی لە ناوخۆی وڵاتەکە، بۆ وڵاتانی دەوروبەر و جیهان ئاوارە بوون و زیاتر لە نیو ملیۆن کەسیش گیانیان لەدەست داوە.



باسنیوز
Top