د.دیندار زێباری وەڵامی تۆمەتەکانی هیومان رایتس وۆچی دایەوە
رۆژی ٨/٢/٢٠١٨ رێكخراوی هیومان رایتس وۆچ راپۆرتێكی بڵاوكردەوە بە ناوی (كوردستانی عێراق لە سێدارەدانی بە كۆمەڵی دەستگیركراوان) سەبارەت بە چارەنووسی ژمارەیەك لە دەستگیركراوی داعش لە رۆژئاوای دیجلە و چەند تۆمەتێک دەخاتە پاڵ هێزی پێشمەرگەی کوردستان و بە ئەنجامدانی، لەم بارەوە د.دیندار زێباری رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند سەبارەت بە دەستگیركراوانی داعش كە لە زۆربەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان باسیان لێوەدەكرێت، لێرەدا بە پێویستی دەزانین ئەوە روون بكەینەوە كە ئەو دەستگیركراوانە وەك هەموو دەستگیركراوانی دیكە بە یەكسانی مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت بە یەكسانی بەپێی پرەنسیپی تاوانبار بێتاوانە تا ئەو كاتەی تۆمەتەكەی بەسەردا ساغ دەبێتەوە.
زێباری هەروەها وتی : هەر کاتێک دەستگیرکراوان تۆمەتی پێوەندی كردنیان بە داعش یان هاوكاری كردنی داعشیان بەسەردا ساغبۆوە ئەوە بەپێی یاسا كارپێكراوەكانی هەرێم مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت و كەسوكاریشیان ئاگادار دەكرێنەوە لە تۆمەتەكانیان لە هەمانکاتدا هەموو مافێكیان هەیە وەك سەردانی كردنی كەسوكاریان و بوونی پارێزەر بۆ ئەوەی بەرگرییان لێ بكات، بەڵام ئەگەر لە میانەی لێكۆڵینەوەكاندا هیچ تۆمەتێكی بەسەردا ساغ نەبووەوە.
لە هەرێمی کوردستان یاسای ژمارە (٣)ی ساڵی ٢٠٠٦ کە بە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تۆقاندن (تیرۆر) ناسراوە پەیڕەو دەکرا، ئهو یاسایه تا ١٦/٧/٢٠١٦ كاری پێکرا. بەڵام ئێستا لە هەرێمی کوردستان بۆ دادگایی کردنی ئەو کەسانەی بە کاری تیرۆریستییەوە تێوەگلاون کار بە یاسای ژمارە (٢١)ی ساڵی ٢٠٠٣ی پەرلەمانی کوردستان و یاسای سزادانی عێراقی ژمارە (١١١)ی ساڵی ١٩٦٩ی هەموار کراو دەکرێت.
لەگەڵ هاتنی راگوێزراوان بۆ ساترەکانی هێزی پێشمەرگە وەک رێوشوێنێکی ئەمنی تەنیا پیاوەکان پشکنینێکی زۆر ئاساییان بۆ کراوە بە مەبەسی دڵنیابوون لە نەبوونی کەسانی تیرۆریست و خۆکوژ لە نێویاندا، دواتر دەگوازرانەوە بۆ سەنتەرەکانی پێشوازی. دوای گواستنەوەی راگوێزراوان بۆ سەنتەری پێشوازی دووبارە پیاوەکان دەپشکێندرێن و بەهیچ شێوەیەک پشکنین بۆ ئافرەتان ئەنجام نەدەدرا بەهۆی رەچاوکردنی دابونەریتی کۆمەڵایەتی و حورمەتی خەڵکەکە ئافرەتە راگورێزراوەکان پشکنینیان بۆ ئەنجام نادرێت لەلایەن دام و دەزگا ئەمنییەکانەوە.
لە پشکنینی یەکەم زانیاری لە خودی ئەو کەسانە وەرگیراوە کە ئاوارە دەبن و روو لە هەرێمی کوردستان دەکەن یاخود خۆیان دەربارەی ئەو کەسانە قسە بۆ لایەنە ئەمنییەکان دەکەن کە پەیوەندیان بە گروپی تیرۆریستی داعشەوە هەبووە. لە ماوەی ئەو چەند کاتژمێرەی کە لێکۆڵینەوە لەگەڵ کەسەکان دەکرا، ئەگەر کەسێک گومانلێکراو بوو ئەوە بە پشتبەستن بە زانیاری لایەنە پەیوەندیدارەکان وەک موختاری گەڕەک و عەشایرەکانی ناوچەکە ئەو زانیاریانەی دەست لایەنە ئەمنییەکان کەوتوون جەختیان لەسەر دەکرێتەوە و ئینجا گومانلێکراو دەستگیر دەکرێت.
لە سێ ساڵی رابردوودا (٢٦٥٢) كەس دەستگیركراون بە تۆمەتی پێوەندی كردنیان بە رێكخراوی تیرۆریستی داعشەوە، لەوانە (١١٠٠) كەسیان تۆمەتەكەیان بەسەردا ساغ بۆتەوە و سزا دراون و سزاكەشیان زیندانی بووە لە نێوان سێ ساڵ تا هەتاهەتایە و بەپێی قەبارەی ئەو تاوانەی ئەنجامیانداوە، هەروەها (٨٧٠) كەسیان ئازاد كراون دوای ئەوەی لێكۆڵینەوەكان دەریانخست كە بێ تاوانن و (٦٧٢) كەسیشیان لەژێر لێكۆڵینەوەدان.
سەبارەت بە چارەنووسی دەستگیرکراوانی داعش دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر زێباری وتی: تا رۆژی ١٦/١٠/٢٠١٧ هیچ بەندکراوێک لە ئاسایشی کەرکووک دەستبەسەر نەبوو، تەنیا لە شارۆچکەی دوبز زیندانێکی کاتی هەبوو بۆ وەرگرتنی ئاوارەکانی حەویجە کە پێش پرۆسەی رزگارکردنی حەویجە دەهاتنە دبس خۆیان رادەست دەکرد و زۆربەیان داعش و هەموو دەستگیرکراوەکان عەرەبی سوننە بوون و ژمارەیان نزیکەی هەزار کەس بوو.
دواتر هەموویان گوازرانەوە بۆ ئاسایشی هەولێر و ئاسایشی گشتی، چونکە هیچ گرتووخانەیەک لە کەرکوک نەبووە و لایەنە ئەمنییەکان ئەرکیان تەنیا هاریکاری کردن بوو بۆ گواستنەوەیان و پرۆسەکە بە فەرمانی بەرپرسە سەربازییەکانی میحوەری کەرکوک بوو جێبەجێ کرا و هێزەکانی ئاسایش و دژە تیرۆر بەرپرسیاریەتی پرۆسەی گواستنەوەکەیان لە ئەستۆ گرت.
لایەنە ئەمنییەکان چەند رێوشوێنێکی تایبەت دەگرنە بەر لە کاتی دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی گومانی پەیوەندی کردنیان بە داعشەوە لێدەکرێت و ئەوانەی کە دەستگیر دەکرێن هەموو مافێکیان هەیە وەک سەردانی کردن و بوونی پارێزەر هەروەها کەسوکاریشیان لە دەستگیرکردنیان ئاگادار دەکرێنەوە، بەڵام شێوازی دەستگیرکردنی ئەمانە جیاواز بوو، چونکە بە تۆمەت دەستگیر نەکراون واتە تۆمەتیان ئاراستە نەکراوە، بەڵکو لە کاتی هاتنیان لە حەویجەوە خۆیان ئیعتیرافیان دەکرد کە سەر بە داعشن و خۆیان رادەستی هێزە ئەمنییەکان کردووە و خێزانەکانیان گواستراونەوە بۆ کەمپەکانی جعێدە یان جدعە کە دەکەونە ژێردەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵی، بۆیە نەتوانراوە خێزانەکانیان لە دەستبەسەرکردنیان ئاگادار بکرێنەوە.
لە بارەی ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە کەرکوک دەستگیرکراون بە تۆمەتی بوونی پەیوەندییان لەگەڵ داعش زێباری رایگەیاند کە لە دادگاى تێهەڵچوونەوەى ناوچەى کەرکوک لە سەرەتاى شەڕى تیرۆرەوە دەستگیرکراونی داعش بەم شێوەیە بووە:
لە ساڵى (٢٠١٤) ئەو کەسانەی دەستگیراون ژمارەیان (١١٥) کەس دەستگیرکراو بوون.
لە ساڵى (٢٠١٥) ئەو کەسانەی دەستگیراون ژمارەیان (١٨٢) کەس دەستگیرکراو بوون.
لە ساڵى (٢٠١٦) ئەو کەسانەی دەستگیراون ژمارەیان (٨٣) کەس دەستگیرکراو بوون.
لە شەش مانگی یەکەمی ساڵى (٢٠١٧): ئەو کەسانەی دەستگیراون ژمارەیان (١٩) دەستگیر کراو بوون.
ئەوکەسانەى کە تاوەکو ئێستا لە ژێر لێکۆڵینەوە دان بەم شێوەیە بووە:
لە ساڵى (٢٠١٤) ئەو کەسانەى لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کراوە (٣٣) کەس بوون.
لە ساڵی (٢٠١٥) ئەو کەسانەى لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کراوە (٧٨) کەس بوون.
لە ساڵى (٢٠١٦) ئەو کەسانەى لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کراوە (٢٠) کەس بوون.
لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی (٢٠١٧) ئەو کەسانەى لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کراوە (شەش) کەسن.
ئەو گیراوانەى کە سزایان بۆ دەرچووە:
لە ساڵى (٢٠١٤) ئەو گیراوانەى کە سزایان بۆ دەرچووە (پێنج) کەس بوون.
لە ساڵی (٢٠١٥) ئەو گیراوانەى کە سزایان بۆ دەرچووە (٢٣) کەس بوون.
لە ساڵی (٢٠١٦) ئەو گیراوانەى کە سزایان بۆ دەرچووە (حەوت) کەس بوون.
لە شەش مانگی یەکەم ساڵى (٢٠١٧) هیچ کەسێک سزای بۆ دەرنەچووە.، بەڵام (٣٦) کەس سزاکانیان تەمیز کراوەتەوە.
دیندار زێباری باسی لە رادەستکردنەوەی گیراوانی داعش بە حکومەتی فیدراڵ کرد و وتی: سەبارەت بە دادگایی کردنی ئەو کەسانەی بە تۆمەتی تێوەگلان بە کاری تیرۆریستی و یارمەتیدانی تیرۆریستان دەستگیر دەکرێن و رادەستکردنیان بە حکومەتی فیدراڵی، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیە هاوکاری لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتییەکان و حکومەتی فیدراڵیش بکات سەبارەت بە رادەستکردنەوەی دەستگیرکراوانی داعش و لەم رووەوە کۆمیتەکەمان لەسەر داوای سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت بەتایبەتی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە هەماهەنگی بەردەوامدان سەبارەت بە چارەنووسی ئەو کەسانەی کە بە تۆمەتی تیرۆر دەستگیر کراون و سزا دراون و لەم رووەوە کۆبوونەوەکان بەشێوەیەکی خولی بەردەوامە و تا ئێستا سێ وەجبەی دەستگیرکراوانی داعش رادەستی حکومەتی فیدرال کراون و نزیکەی (١٠٠) کەیسیش رادەستی دادگای موسڵ کراون.
سەبارەت بە رووداوەی كە لە ناوچەی زوممار روویدا زێباری وتی : رۆژی ٢٨/٨/٢٠١٧ كاتژمێر (١١)ی بەیانی لە ناوچەی سەهل ئەلمالح لە زوممار، هێرشێكی خۆكوژی لەلایەن تیرۆریستێكەوە ئەنجامدرا، بەر لە ئەنجامدانی هێرشەكە هێزە ئەمنییەكان هەوڵیاندا كە رێگا لە تیرۆریستەكە بگرن بۆ ئەوەی كردارەكە ئەنجام نەدات بۆ پاراستنی گیانی پێشمەرگە و ئەو خێزانە ئاوارانەی كە لەوێ بوون، دوای ئەوەی سەركەوتوو نەبوون لە هەوڵەكانیان تیرۆریستەكە خۆی تەقاندەوە و بووە هۆی شەهید بوونی پێشمەرگەیەك و بریندار بوونی ژمارەیەكی تر، لەو كاتەوە و لە ترسی روونەدانی هێرشی دیكەی هاوشێوە، هێزەكانی پێشمەرگە داوای پشتیوانی زیاتریان كرد و خێزانە ئاوارەكانیشان لە قوتابخانەیەك كۆكردەوە بۆ پاراستنی گیانیان تاكو ناوچەكە سەقامگیر و ئارام دەبێت.
زێباری تیشکی خستە سەر ئەوەی کە لە ماوەی جەنگی داعشدا پێشمەرگە چاودێری هاتوچۆی تیرۆریستانی داعشیان دەكرد بۆ رێگا گرتن لە راكردنیان لە ناوچەی نێوان حردان و راعی و جۆلات بە درێژایی ٧١ كیلۆمەتر بوو، لە ماوەی سێ ساڵەی جەنگی داعش ژمارەیەکی زۆریان لەو ناوچەیە کوژراون لەوانە هەندێکیان هێرشی خۆکوژییان دەکردە سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە، هەندیکی دیکەشیان بە نیازبوون روو بکەنە سوریا و پێشمەرگە هەوڵی دەدا رێگرییان لێ بکات و بەشیکی دیکەشیان کە بە نیاز بوون خۆیان رادەستی پێشمەرگە بکەنە لە پشتەوە لەلایەن خودی داعشەکانەوە کوژراون هەرچەندە ئامانجی تیرۆریستانی داعش گەیاندنی زۆرترین زیانی گیانییە بە هێزەكانی پێشمەرگە و بڵاوكردنەوەی ترس و تۆقاندن لە رێگای كردارە خۆكوژییەكانەوە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش هێزی پێشمەرگە هەوڵی نەداوە كاتێك گەمارۆ درابن تەنیا لە حاڵەتی شەڕ و هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی كرداری خۆكوژی شەڕی لەگەڵیان كردووە و لەم جەنگانەشدا بە دەیان پێشمەرگە شەهید بوون و دەیان تیرۆریستیش كوژراون، بۆیە لە زۆر حاڵەتدا لاشەكان هێنراون بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی رێكوپێك بنێژرین.
لە كۆتاییدا دیندار زێباری رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وتی: سەبارەت بە گواستنەوەی ئاوارەكانیش وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراقی و لیژنەیەكی تایبەت لە پارێزگای موسڵ سەرپەرشتی گواستنەوەیان دەكات ، لەم بوارەوەش ژمارەیەكی زۆریان گواستراونەتەوە كەمپەكانی گەیارە و حەمام ئەلعەلیل كە ئێستا لەژێر دەسەڵاتی حەشدی شەعبیدان و ئاوارەکانی ناوچەی زووماریش لە چوارچێوەی ئەوانەن سەرەڕای ئەوەش پێشمەرگە هەوڵی بەردەوام دەدات بۆ پاراستنی گیانی ئاوارەكان و دەستگیركراوانی داعش.
kdp-
