سبەینێ شاندێکی پەرلەمان دەچێتە عەفرین
گەمارۆی هێرشی تورکیا بۆسەر عەفرین ٢٠ رۆژی تێپەڕاند، بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەکانیش تا ئێستا بەهۆی هێرشی تورکیا بۆسەر عەفرین ١٦٠ قوربانی هەن کە زۆرینەی هاووڵاتی سڤیلن.
نوێنەری کانتۆنەکانی رۆژئاوای کوردستان لە هەرێمی کوردستان فەتحوڵڵا حوسێنی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ، شەڕ لە عەفرین بەردەوامی هەیە، عەفرین لە ئێستادا پێویستی بەوە هەیە لە ئاستی نێودەوڵەتی هەوڵی بۆ بدرێت تا شەڕ رابگیرێ، لە ڕووی پێداویستیشەوە عەفرین پێویستی بە داودەرمان هەیە.
پێوەست بە عەفرین راوێژکاری راگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان تارق جەوهەر بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی رایگەیاند، کە سبەینێ شاندێکی پێنج کەسی لە پەرلەمانی کوردستان کە پێکدێ لە پەرلەمانتاران عەلی ھالۆ، عەباس فەتاح شێرکۆ حەمەئەمین، ئەبو کاروان و سوھراب میکائیل سەردانی عەفرین دەکەن، ئەم سەردانە بە ناوی پەرلەمانی کوردستانە و پشتگیری پەرلەمانە بۆ شاری عەفرین.
تارق جەوهەر دەشڵێ، شاندەکە بڕیارە چەند رۆژێک لەوێ بمێننەوە و بڕێک لە داودەرمانیش لەگەڵ خۆیان دەبەن کە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ عەفرین دابین کراوە.
kdp-
