پێکهاتەکانی دەشتی نەینەوا: دەمانەوێ ئەمنییەتی ناوچەکانمان لە دەستی پێشمەرگە دابێ

 	 پێکهاتەکانی دەشتی نەینەوا: دەمانەوێ ئەمنییەتی ناوچەکانمان لە دەستی پێشمەرگە دابێ
کەسایەتیی ونوێنەرانی پێکهاتەکان لە دەشتیی نەینەوادا دەڵێن، ئێمە داوامان کردووە کە ناوچەکانمان بگەڕێنەوە سەر هەرێمی کوردستان، ئیدی بە هەموو شێوەیەک داوامان لە جیهانیش کردووە کە دەبێ ئەمنیەتیی ناوچەکە بدرێتە دەستی پێشمەرگە.

دەمێکە پیکهاتەکانی دەشتی نەینەوا داوادەکەن کە ناوچەکەیان ببێ بە پارێزگا و سەر بە ئیدارەی هەرێمی کوردستان بێ، چونکە جارێک داعش هات و ناوچەکەی وێران کرد و دواتر هێزەکانی پێشمەرگە ئازادیان کردوە، ئەمجارەیش حەشدی شەعبی هاتووە و دەیەوێ ناوچەکە تەعریب بکات.
کەسایەتیی ئیزدیان شەریف سلێمان دەڵێ، ئێمە نامانەوێ حەشدی شەعبی نزیکی ناوچەکانمان بێ، دەمانەوێ پێشمەرگە بمانپارێزێ، چونکە حەشدی شەعبی دەیەوێ پێشێلکاری لە ناوچەکە بکات و کارەسات بەسەرخەڵکی ناوچەکەدا بێنێ.
ئەو دەشڵێ، نامانەوێت کۆمەڵکوژی دیکەی هاوشێوەی شنگال لە ناوچەکە دووبارە ببێتەوە، لە جیهاندا ئێزدییان داوایانە کە سەر بە هەرێمی کوردستان بن، لە ریفراندۆمیشدا دیاربوو کە ئێزدیان دەنگیان بە سەربەخۆیی کوردستان دا.
ئێزدییەکان لە عیراق زیاتر لە ٥٥٠ هەزار کەسن و زیاتر لە ٩٠% دەکەونە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، لە نەینەوا و شنگال، لە ریفراندۆمی ٢٥-٩-٢٠١٧یشدا ئێزدییەکان دەنگیان بە سەربەخۆیی کوردستان دا و داوایان کرد بگەڕێنەوە سەر هەرێمی کوردستان و داوامان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە ئەمنیەتی ناوچەکانمان لە دەستی پێشمەرگە دابێ.
هاوکات، فەرەج میخە کە کەسایەتییەکی کرستیانی خەڵکی تلکێفە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوت:'' نامانەوێت جاریکی دیکە ئاوارە بین و ژیانمان تاڵ بووە لەبەر گرووپە چەکدارەکان، ئیدی دەمانەوێ بژین و نامانەوێت ئاسایشمان لە ژێر هەڕەشەدا بێ، ئێمە ئێستا بە دونیاشمان رایگەیاندووە دەمانەوێت لەگەڵ کوردستان بژین چونکە پێشمەرگە زیاتر ناوچەکانمان دەپارێزیت کەچی ئێستا زیاتر لە هەر ناوچەیەک ئێمە ئاوارەبووینە لە دەشتی نەینەوا و لە دهۆک نیشتەجێبووین، ئەمەیش بەڵگەیەکی روونە بۆ جیهان کە تەنیا هەرێمی کوردستان بەهانای ئێمەوە دێ.
شەبەکەکان کە لە دەشتی نەینەوان، ئەوانیش هاوڕا لەگەڵ کریستیان و ئیزدییەکان دەڵێن، دەمانەوێ ناوچەکانمان بگەڕێنەوە سەر هەرێمی کوردستان. مەلا سالم شەبەک، نوێنەری کوردانی شەبەک لە پەرلەمانی عیراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی گوت:'' جیهان باش دەزانێ کە ئێمە لە دەشتی نەینەوا هەرێمی کوردستانمان هەڵبژاردووە، حکوومەتی عێراق ناتوانێ ئێمە بپارێزێ، بەغدا کێشەمان بۆ دروستدەکات، تەنیا هەرێمی کوردستانە کە ئێمە دەپارێزن.
دەشڵێ، لە تەواوی دنیادا لەو شوێنەی کە پێکهاتەکان بۆ هەر کۆنفرانسێک و بۆچوون و رایەک بانگهێشتکرابن، داوایان کردووە کە ئێمە هەرێمی کوردستانمان دەوێ، جارێک داعش و ئێستایش حەشدی شەعبی، لە دژی ئێمەن و پێشێلکاریمان لە بەرانبەردا دەکەن.
لە ١٦ ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو حەشدی شەعبی بە هاوکاری گرۆپێکی خیانەتکاری لایەنێکی کوردستانی کە بە ناپاکەکان ناسراون هاتوونەتە ناوچە کوردستانییەکان و کەرکووک، بەشیكی دەشتی نەینەوا کەتووەتە دەستی ئەو هێزە میلیشیاییە و ئەوان هەموو جۆرە پێشێلکارییەک لە دژی ئەوان دەکەن، خەڵکێکی زۆر بەهۆی حەشدی شەعبییەوە ئاوارەبوون.
دەشتی نەینەوا لە سێ قەزای سەرەکی پێک دێ، ئەوانیش حەمدانییە و شێخان و تلکێفە، چەندین پێکهاتەی ئاینی لەم دەشتەدا هەن ئەوانیش ئێزدی، مەسیحی، تورکمان، شەبەک و عەرەبیش لەم ناوچە هەن و ئەم ناوچە بەگوێرەی دەستووری عێراق بە ناوچەی کێشەلەسەرەکان ناسراون.
kdp-
Top