پەرلەمانی ئەورووپا بڕیارنامەیەکی لەدژی تورکیا پەسند کرد

 پەرلەمانی ئەورووپا بڕیارنامەیەکی لەدژی تورکیا پەسند کرد
پەرلەمانی ئەورووپا دوێنێ پێنجشەممە لە نوێترین دانیشتنی خۆیدا لەبارەی سیاسەتەکانی تورکیا و شەپۆلی دەستگیرکردنی هاووڵاتیان کە دژی ئۆپراسیۆن بۆ سەر عەفرین بوون، لە بڕیارنامەیەکدا ئەو کردەوانەی تورکیای ئیدانە کرد.

بەپێی زانیاریی میدیاکان و بەرپرسانی دادوەریی تورکیا، هەتا ئێستا 600 هاووڵاتیی تورکیا کە ڕەخنەیان لە هێرشی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان گرتووە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتەوە دەستگیر کراون.

بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی (یۆرۆنیوز) پەرلەمانی ئەورووپا لە بڕیارنامەکەی خۆی لەدژی حکوومەتی تورکیا، "هەوڵەکانی ئەو وڵاتەی بۆ داپۆشین و سانسۆری دەنگی ڕەخنەگران"ی تاتوێ کرد، ئەو دامەزراوەیەی یەکێتیی ئەورووپا هاوکات لەبارەی پێشێلکارییە مرۆییەکانی تورکیا بۆ سەر شاری عەفرین نیگەرانیی دەربڕیوە.

پەرلەمانی ئەورووپا لە بەشێکی دیکەی ئەو بڕیارنامەیەدا لەبارەی درێژەدان بە "هێرشی نابەجێیەکانی ئەنقەرە" هۆشداریی داوەتە تورکیا.

سوپای تورکیا لە ڕۆژی 20ی جانیڤەریی ئەمساڵەوە لەڕێگەی ئاسمانی و زەوینەوە هێرشێکی بەناوی "چڵە زەیتوون" بۆ سەر شاری عەفرین لە ڕۆژئاوای کوردستان دەست پێکردووە کە بە گوتەی سەرچاوە تەندروستییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان هەتا ئێستا نزیکەی 150 هاووڵاتیی سڤیل شەهید و زیاتر لە 35o هاووڵاتیی سڤیلیش بریندار بوون.










باسنيوز
Top