لیژنەی لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكانی خورماتوو، ئەمڕۆ دەستبەكار دەبێ
رۆژی 16ـی ئۆكتۆبەری پار، سوپای عێراق و حەشدی شەعبی بەخیانەتی گرووپێكی نێو لایەنێك، لەشكركێشییان بۆ سەر كوردستان بەرپا كرد لە خورماتوو و كەركووك و خانەقین و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و، بە دەیان هەزار خێزانی كورد لە كەركووك و دەوروبەری ئاوارە بوون، بەڵام لە شارۆچكەی خورماتوو جگە لە ئاوارەبوونی كوردان، بە دەیان هاووڵاتیی كورد شەهید بوون و سەدان خانوویش ڕووخێندراون و سووتێندران و لەلایەن حەشدی شەعبییەوە تەقێنرانەوە .
شوان شێخ ئەحمەد، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكی لیژنە كاتییەكەی پەرلەمانی كوردستان بۆ لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكانی خورماتوو، ڕایگەیاند، وەكوو بەرچاوڕوونییەكی لیژنەكە، كۆ بوونەتەوە و ئامادەكاریی خۆیان كردووە، ئەمڕۆ پێنجشەممەیش لیژنەكەیان دەست بەكارەكانی خۆی دەكات .
شێخ ئەحمەد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت، "لیژنەكەمان لە نوێنەرایەتیی هەشت فڕاكسیۆنی پەرلەمانی كوردستان پێك دێت و لە یەكەم هەنگاوماندا ئەمڕۆ بڕیارە لەگەڵ ئەنجوومەن و خەڵك و فەرماندە سەربازییەكانی سنوورەكە و ئیدارەی شارۆچكەكەدا كۆ ببینەوە ."
ئەو هەروەها دەشڵێ، "ئەوەی لە تواناماندا بێت، لە ناوچەكە زیاتر نزیك دەبینەوە بۆ ئەوەی حاڵەتەكان بە چاوی خۆمان ببینین و ئەو خەڵكە خۆڕاگرەی ئاوارە بوونە بەسەریان بكەینەوە و گوێیان لێ بگرین كە ئەو بارودۆخە چۆن ڕوووی دا و، كارەساتەكان بە چ شێوەیەك بوون، بۆ ئەوەی ڕاپۆرتێك ئامادە بكەین و بیدەین بە سەرۆكایەتیی پەرلەمان ."
لەبارەی سەردانی لیژنەكەیشەوە بۆ نێو شارۆچكەی خورماتوو، ئەو پەرلەمانتارە گوتی، "ئەگەر گەرەنتی هەبێت و رێگا بدرێت، دەچین بۆ ئەوەی بە چاوی خۆمان هەموو شتێك ببینین، بەڵام ئەگەر نەكرا، لەگەڵ خەڵك ئیشوكارەكانمان دەكەین، چونكە كۆمەلێك خەڵكی خۆبەخشیش بەڵگەیان ئامادە كردووە لە پێشێلكارییەكان و لە بەردەستماندان ."
لە پەرلەمانی عێراقیش بە هەمان شێوە بڕیار لە پێكهێنانی لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە سەبارەت بەو ڕووداوانە دراوە، بەڵام دەستبەكار نەبووە، هەروەها پێشتر دوو جار لیژنەیەكی سەر بە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان سەردانی خورماتووی كردووە بۆ ئەوەی لە نزیكەوە لێكۆڵینەوە بكات، بەڵام وەك كوردانی خورماتوو لە پاش سەردانەكە ڕایانگەیاند، ئەو دوو لیژنەیە سەردانی گەڕەكە كوردنشینەكانیان نەكردووە .
kdp -
