سیرینی: عەبادی دەیویست تێپەڕاندنی بودجە بۆ کۆنگرەی کوێت بەکار بێنێ

 	 سیرینی: عەبادی دەیویست تێپەڕاندنی بودجە بۆ کۆنگرەی کوێت بەکار بێنێ
سیروان سیرینی کە بەهۆی رێگریکردن لە تێپەڕاندنی بودجەی گشتیی عێراق، ناوی لە لیستی ئەو پەرلەمانتارانەیە کە لەلایەن سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سزای بۆ دیاری کراوە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دەڵێ، عەبادی دەیویست تێپەڕاندنی بودجە بۆ کۆنگرەی کوێت بەکاربێنێ بۆیە ئەوانیش رێگریان لە تێپەڕاندنی کرد.

سیروان سیرینی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا ڕەفتارەکانی حکوومەت و پەرلەمانی عێراق دیار بوونە بەرامبەر بە مافەکانی ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان، لەبەر ئەوەش، لە کۆبوونەوەی ڕابردووی پەرلەمان ڕێگەمان نەدا پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق بخوێندرێتەوە و شانازیش بەو سزایەی سەرۆکی پەرلەمانەوە دەکەین کە لە پێناو قووتی میللەتی خۆماندا ھەڵوێستمان نواند، چونکە سزادانی ئێمە لەسەر مافی یاسایی و دەستووریی ھێزی پێشمەرگە و فەرمانبەرانی کوردستانە، لە ساڵانی ڕابردوودا زۆر جار ھێرشکراوەتە سەر سەرۆکی پەرلەمان و شەڕە شەق لە نێو پەرلەماندا ڕووی داوە، کەچی نەمانبینی کەسێک سزا بدرێت، لە کۆبوونەوەی ڕابردوودا ڕێژەی‌ یاسایی پەرلەمانتاران ئامادە نەبوون لەبەر ئەوە ڕێگریمان کرد لە تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای بودجە."

ئەو پەرلەمانتارەی پارتی گوتی: "ھەندێ پەرلەمانتار ھەن وەک شەقاوە حەفتانە کێشە لە نێو پەرلەماندا دەنێنەوە، کەچی یەک جاریش سزا دەرنەچووە، ئێمە چەندین جار لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆ بووینەوە و تێمان‌گەیاند، لەبارەی جێگیرکردنی مافەکانی خەڵکی کوردستان، کەچی ڕازی نەبوو، ئەمە لە کاتێکدا حەیدەر عەبادی کێشەی پارێزگا سوننەکان و ئەو پارێزگایانەی نەوتیان ھەیە، چارەسەر کرد، تەنیا ئامادە نەبوو لەگەڵ کورد بگاتە ڕێککەوتن."

حەفتەی ڕابردوو پەرلەمانی عێراق بەنیاز بوو پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق بەبێ تەواوبوونی ڕێژەی یاساییی پەرلەمانتاران تێپەڕێنیت، بەڵام لە لایەن سێ پەرلەمانتاری کوردەوە، کە دوو کەسیان ئەندامی فراکسیۆنی پارتین ڕێگری کرا لەو ھەوڵەی دژی کورد و پڕۆژەیاسای بودجەیان لە لیژنەی دارایی وەرگرت و کۆبوونەوەکە بۆ یەکشەممەی دابێ دوا خرا.

سیرینی دەڵێ: "حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەیویست حەفتەی ڕابردوو پڕۆژەیاسای بودجە پەسەند بکرێت، تا ڕۆژی ١٢ی مانگ لە کوێت کە بڕیارە کۆنگرەی وڵاتانی کۆمەکبەخش بۆ عێراق بەڕێوە بچێت بەکاری بێنێت و بڵێت، ئەوەتا بودجەش پەسەند کرا و کورد و سوننەش ڕازین."

پەرلەمانتارەکەی فراکسیۆنی پارتی ڕوونی کردەوە: "ھەرچەندە شانازی بەو سزادانەی خۆمانەوە دەکەین، بەڵام لە دەستەڵاتی سەرۆکی پەرلەماندا نییە پەرلەمانتار سزادا بدات، چونکە پێویستە بە پێی پەیڕەوی ناوخۆ لیژنە پێک بێت و بڕیار بدات، ئەویش دوای لێکۆڵینەوە، ئێمەش ئامادەین بۆ ھەر لێکۆڵینەوەیەک ئەگەر شتی نایاسی تێدا بێت با سزا بدرێین."

دەربارەی وەرگرتنی متمانە لەو سێ پەرلەمانتارەی کورد، سیروان سیرینی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "وەرگرتنی متمانە لە دەستەڵاتی سەرۆکی پەرلەماندا نییە و ئەگەر بە بڕیاری خۆیدا نەچێتەوە، ئەوە وەک فراکسیۆنە کوردستانییەکان ھەڵوێستمان دەبێت، چونکە ئەو بەبێ پەرلەمان بڕیاری نایاسایی داوە و ھەتا سەلیم جبوری ڕژد بێت لەسەر بڕیاری خۆی، ئێمەش وەک فراکسیۆنە کوردستانییەکان بەردەوام ھەڵوێستمان دەبێت."


kdp _
Top