بەڵێن عەبدوڵڵا: مكوڕین لەسەر ئەوەی كورد بە یەك لیست بەشداریی هەڵبژاردنەكان بكات

 	 بەڵێن عەبدوڵڵا: مكوڕین لەسەر ئەوەی كورد بە یەك لیست بەشداریی هەڵبژاردنەكان بكات
هاوسەرۆكی حیزبی زەحمەتكێشانی كوردستان دەڵێ، بڕیار بوو ئەمڕۆ كۆبوونەوەیەكی دیكە لەبارەی بەشداریكردنی كورد بە یەك لیست لە ھەڵبژاردنی دابێی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە بچێت، بەڵام كۆبوونەوەكە دوا خرا و، "ئێمەیش مكوڕین كە كورد پێویستە بە یەك لیست بەشداری بكات."

بڕیارە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ١٢/٥ـی ئەمساڵدا بەرێوە بچێت و، پارتی دیموكراتی كوردستانیش ھەر لە سەرەتاوە پێشنیازی كردبوو كورد لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم بە یەك لیست بەشداری بكات، بۆ ئەو مەبەستەیش دوێنێ كۆبوونەوەیەك ئەنجام درا و بڕیار بوو ئەمڕۆیش كۆبوونەوەیەكی دیكە بەڕێوە بچێت.

بەڵێن عەبدوڵڵا، ھاوسەرۆكی حیزبی زەحمەتكێشانی كوردستان، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "دوێنێ لایەنە سیاسییەكان لە ھەولێر كۆ بوونەوە لەبارەی ئەوەی بە یەك لیست بەشداری لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا بكەن و دەنگی كورد نەفەوتێت، بڕیار بوو ئەمڕۆیش كۆبوونەوەیەكی دیكە لە نێوان مەكتەبی ھەڵبژاردنی لایەنەكان بەڕێوە بچێت، بەڵام بە ھۆی دروستبوونی ھەندێك گرفتەوە، كۆبوونەوەكە دوا خرا."

عەبدوڵڵا گوتیشی، "لە ئێستادا لە پەیوەندیداین بۆ ئەوەی جارێكی دیكە كۆبوونەوەیەكی تر رێك بخەین، چونكە لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا برادەرانی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان دوا كەوتن، بۆیە كۆبوونەوەكە دوا خرا".

ھاوسەرۆكی حیزبی زەحمەتكێشانی كوردستان ڕوونیشی كردەوە، "ئێمە مكوڕین لەسەر ئەوەی كە كورد بە یەك لیست بەشداری بكات و پێداگرییش دەكەین، هەروەها ھەوڵ دەدەین ھەمووان رازی بكەین و كورد پێكەوە بەشداری بكات".

kdp _
Top