باڵیۆزی ئەمریکا: پاڵپشتی هەرێمی کوردستانین وەک کیانێکی دەستووری

باڵیۆزی ئەمریکا: پاڵپشتی هەرێمی کوردستانین وەک کیانێکی دەستووری
راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق رایگەیاند ، هەرێم ئەرکە دەستوورییەکانی جێبەجێ کردووە و چاوەڕوانی بەغدایە ئەرکەکانی جێبەجێ بکات.

بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەی راوێژکاریی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردساتن ئەمڕۆ پێنجشەممە مەسروور بارزانی ، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە دۆگلاس سلێمان باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا کردووە. لە دیدارەکەدا پەیوەندی دوولایەنە و دواپەرەسەندنەکانی ناوچەکە و رەوشی دانوستاندنەکانی نێوان هەولێر و بەغدا تاوتوێ کران.

هەر بەپێی راگەیێندراوەکە ، باڵیۆزی ئەمریکا لە دیدارەکەدا پاڵپشتیی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان وەک کیانێکی دەستوری دووپاتکرووەتەوە و ئاماژەی بەوە کردووە، وڵاتەکەی دەخوازێت هەرێمی کوردستان بە یەکدەنگی و یەکگرتوویی لەگەڵ بەغدا لە دانوستاندن بەردەوام بێت و هەرچی زووترە کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوولا چارەسەر بکرێن.



مەسروور بارزانی ، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە دیدارەکەدا بە ئاماژەدان بەوەی ، هەرێمی کوردستان خوازیارە بە پێی دەستوور گشت کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر بکرێن ، گوتی ، تاوەکو ئێستا هەرێم ئەرکە دەستوورییەکانی لە پێناو چارەسەری کێشەکان جێبەجێ کردووە و چاوەڕوانی بەغدایە ئەرکەکانی جێبەجێ بکات، بەڵام هەست بە جددیەتی بەغدا لە جێبەجێکردنی کێشەکان ناکرێت و مافە دەستووریەکانی هەرێم ئاوێتەی ململانێکانی ناو کەشی هەڵبژاردن کراوە.

لە دیدارەکەدا باڵیۆزی ئەمریکا جەختی لەسەر بەردەوامیی نێوەندگیریی نێوان هەولێر و بەغدا کردووەتەوە و ئاواتی خواستووە ، بتوانن هەرچی زووترە بە کردەیی پێشڤەچوون لە دانوستاندنەکاندا ببینن.

هەروەها باڵیۆزی ئەمریکا پابەندبوونی وڵاتەکەی بە بەشداریی کارای ئاوەدانکردنەوە و پێشخستنی هەرێم و ناوچەکانی دیکەی عێراق دووپاتکردووەتەوە و ئاواتی خواستووە ، بتوانرێت لە کۆنفراسی کوەیت بۆ هاوکاریی عێراق ، زۆرترین هاوکاری دابین بکرێت.

شەڕ لە دژی داعش تەوەرێکی دیدارەکە بووە ، هەردوولا جەختیان لەسەر بەردەوامیی هاوکاریی دوولایەنە کردووەتەوە و لەمبارەیەوە مەسروور بارزانی جەختی لەسەر بەردەوامیی هەماهەنگیی هەرێم لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش کردەوە و ئاماژەی بە ئەوە کردووە کە هەڕەشەی "تیرۆریستان" لە ناوچەکەدا ماوە و هێشتا هاوکاری هەموو لایەنەکان پێویستە، بەڵام هەماهەنگی سەربازی و سیاسی و چارەسەری کێشە بنەڕەتییەکانی ناو عێراق هەمووی یەک پاکێجە و دەبێت لە هەموو ئاستەکاندا دۆخەکە ئاسایی بکرێتەوە و، رێز لە مافە دەستووریەکانی گشت پێکهاتەکان بگیرێت تاوەکو زەمینەی سەرهەڵدانەوەی تووندوتیژی بنبڕبکرێت.

هەر لەدیدارەکەدا بەپێی راگەیێندراوەکە ، باڵیۆزی ئەمریکا پێزانینی خۆی بۆ رۆڵی هێزی پێشمەرگە لە شەڕی دژی "تیرۆریستان" دووپاتکردووەتەوە و رایگەیاندووە ، هاوکارییەکانی ئەمریکا لە بواری دارایی و مەشق و راهێنان بۆ هێزی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت.
Top