ئەمریکا: دەبێت هێرشی سەر خەڵکی سڤیل لە سووریا بوەستێندرێت

ئەمریکا: دەبێت هێرشی سەر خەڵکی سڤیل لە سووریا بوەستێندرێت
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەرکۆنەی بۆردوومانەکانی سوپای سووریا و رووسیا لە چەند ناوچەیەکی سووریا دەکات و داوای وەستاندنی دەستبەجێشیان دەکات.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، ئەمریکا لە زیادبوونی تووندوتیژییەکان لە ئیدلب، غوتەی رۆژهەڵات و ناوچەکانی دیکەی سووریا لە ئەنجامی بۆردوومانەکانی حکومەتی سووریا و رووسیا نیگەرانە.

هەر لە راگەێیندراوەکەدا هاتووە، ئەمریکا نیگەرانە لەو راپۆرتانەی ئەم دواییە کە باس لە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی، زیاترکردنی بۆردوومانەکان و هێرشەکان دەکەن، کە بونەتە هۆی کوشتنی دەیان کەس و ئاوارەبوونی خەڵکی و زیانیشیان بە ژێرخانی سڤیل گەیاندووە. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، پێویستە دەستبەجێ ئەم هێرشانە بووەستێندرێن.

بەپێی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوە ، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پاڵپشتی لە داوای رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ وەستاندنی تووندوتیژییەکان دەکات تاوەکو یارمەتی مرۆیی بگەیێندرێتە خەڵکی و پاشانیش، ئەو خەڵکەش بگوازرێنەوە کە لە غوتەی رۆژهەڵاتن و پێویستیان بە چارەسەری پزیشکی هەیە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا داوا لە رووسیا دەکات سوود لە رۆڵی خۆی وەربگرێت تاوەکو دیمەشق رازی بکات، رێگا بە گەیاندنی یارمەتی مرۆیی بدات بۆ ئەو خەڵکەی پێویستیەتی.
rudaw -
Top