ئەردۆغان و رووحانی: پەیوەندییەکانمان پەرە پێدەدەین
بەپێی ماڵپەڕی حکومەتی ئێران ، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە ئەردۆغان ، سەرۆککۆماری تورکیا پەیوەندی بە حەسەن رووحانی ، سەرۆککۆماری ئێرانەوە کردووە و پیرۆزبایی ساڵڕۆژی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانی لە هاوتا ئێرانییەکەی کردووە ، رووحانیش رایگەیاندووە ، ئێمە پێمانوایە پەیوەندی ئێران و تورکیا دەبێت لە هەموو بوارەکاندا بۆ ئاستێکی باش و گشتگیر بەرزبێتەوە.
رووحانی لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا ئاماژەی بە سەردانی ئەمدواییەی وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ تاران کردووە و خۆشحاڵی خۆی بۆ ئەرێنی بوونی دانوستاندنەکان دەربڕیوە و رایگەیاندووە ، هەڕەشەیەکی زۆر لە ناوچەکە بوونەتە مەترسیی بۆ بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵاتی ئێران و تورکیا و وڵاتانی دیکەی ئیسلامی و بە سەرنجدان بە رووانگەی زۆر نزیک لەیەکی هەردوو وڵات لە پرسە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان ، هاوکارییەکان و گفتوگۆ سیاسییە هاوبەشەکانی هەردوولا دەبێت درێژەیان هەبێت.
رووحانی هەروەها پەرەپێدانی هاوکارییە سێ لایەنەکانی نێوان ئێران ، تورکیا و رووسیا لە ناوچەکە بە پێویست زانیوە و ئاماژەی بە پێشنیازی کۆبوونەوەی هەرسێ سەرۆککۆماری ئێران ، تورکیا و رووسیا لە ئیستەنبوڵی تورکیا کردووە و پێشوازی لەو کۆبوونەوەیە کردووە و داوایکردووە وەزیرانی دەرەوەی هەرسێ وڵات گفتوگۆ بکەن بۆ بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکە و کاتەکەی.
لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا بەپێی ماڵپەڕی حکومەتی ئێران ، رەجەب تەیب ئەردۆغان ، سەرۆککۆماری تورکیا خوازیاری گەشەسەندن و قووڵترکردنی پەیوەندییەکانی تاران و ئەنقەرە بووە و جەختیکردووەتەوە لە بەکارهێنانی دراوی نیشتمانی لە ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان هەردوو وڵات کە پێیوایە دەبێتە هۆی بەرەوپێشچوونێکی باش لە هاوکارییە بازرگانییەکانی نێوان تاران و ئەنقەرە.
ئەردۆغان ئاماژەی بە رووانگەی نزیک و هابەشی ئێران و تورکیا کردووە لە پرسە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان و رایگەیاندووە ، هەڕەشە نوێیەکانی ناوچەکە ، دەریدەخات کە هاوکاریی نزیکی تورکیا و ئێران زۆر گرینگە و ئێمە لە گەشەکردنی هاوکارییە هاوبەشەکان لە شەڕی دژی تیرۆر و هاوکاریی ئەمنی زۆر خۆشحاڵین.
سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بە دەستکەوتە گەورەکانی کۆڕبەندی سۆچی کردووە بۆ دروستکردنی سەقامگیریی و ئاسایش لە سووریا و رووحانی بانگهێشتکردووە بۆ کۆبوونەوەی هەرسێ سەرۆککۆماری تورکیا و رووسیا و ئێران لە ئیستەنبوڵ. ئەردۆغان هەروەها رایگەیاندووە ، سەرۆکی هەندێ لە وڵاتانی رۆژئاوایی پێخۆشبوونی خۆیان بۆ بەشداریی لە کۆبوونەوەکەی ئیستەنبوڵ دەربڕیوە.
rudaw -
