ئه‌ردوغان: ئه‌وه‌ی تائێستا له‌عه‌فرین كردوومانه ته‌نیا سه‌ره‌تایه‌كیش نییه
له گوتارێكدا له كۆشكی سه‌رۆكایه‌تی توركیا له ئه‌نقه‌ره، ئه‌ردوغان دووپاتیكرده‌وه، "راسته‌وخۆ دوای عه‌فرین ده‌ست به چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی ئیدلب ده‌كه‌ین، ئێمه ده‌مانه‌وێ ئاواره و په‌نابه‌ره‌كان بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر زێدی خۆیان، ئه‌وانیش حه‌ز ده‌كه‌ن هه‌رچی زووه بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر ماڵ و حاڵی خۆیان".
ئه‌ردوغان گوتی: "ئه‌وه‌ی تائێستا كردوومانه، له‌چاو جووڵه و هه‌ڵمه‌ته گه‌وره‌كانمان ناتوانین ته‌نیا به سه‌ره‌تایه‌كیش ناوی بنێین، كه له قۆناغی داهاتوودا ده‌ستی پێده‌كه‌ین".
ئه‌ردوغان راشیگه‌یاند، تائێستا هێزه‌كانی وڵاته‌كه‌ی و "سوپای سووریای ئازاد" توانیویانه رووبه‌ری 2000 كیلۆمه‌تری چوارگۆشه له‌چوارچێوه‌ی ئۆپه‌راسیۆنی "چڵه زه‌یتوون"ـدا له سنووری عه‌فرین كۆنترۆڵ بكه‌ن.
ماوه‌ی 20 رۆژه هێزه‌كانی سوپای توركیا و میلیشیاكانی گروپه ئیسلامییه‌كانی ناسراو به "سوپای سووریای ئازاد" له‌ئاسمان و زه‌وییه‌وه ده‌ستیان به هه‌ڵمه‌تێكی سه‌ربازی له دژی یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل یه‌په‌گه له عه‌فرینی رۆژئاوای كوردستان كردووه، به‌ڵام به‌گوێره‌ی سه‌رچاوه ناوخۆییه‌كانی عه‌فرین و ده‌وروبه‌ری و هه‌روه‌ها میدیا جیهانییه‌كان، تائێستا لایه‌نی هێرشبه‌ر پێشڕه‌وییه‌كی ئه‌وتۆی نه‌كردووه، كه له‌ئاست پێشبینییه‌كان بێت.
k24 -
