گرووپی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر ترسی لە بەشداریکردنی پارتی لە هەڵبژاردنەکانی کەرکووک هەیە

 گرووپی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر ترسی لە بەشداریکردنی پارتی لە هەڵبژاردنەکانی کەرکووک هەیە
گرووپی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر هەوڵی ئەوە دەدەن کە ئاستەنگ لەبەردەم پێکهێنانی ئەو یەک لیستییە درووست بکەن کە حزبە کوردستانییەکان خوازیاری دروستکردنین. سەرکردەیەکی پارتی دیموکراتی کوردستانیش نایشارێتەوە کە ئەگەر بەشداریش لە هەڵبژاردنی کەرکووک نەکەن، خەڵکی شارەکە بەهۆی خیانەتی گرووپێکەوە، دەنگ بە یەکێتی نادەن.

لە ڕێگەی جۆراوجۆرەوە، گرووپی خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر هەوڵی دروستکردنی ئاستەنگ لەبەردەم یەک لیستیی کوتلە کوردستانییەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق لە کەرکووک دەدەن، بۆ ئەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی کەرکووکدا نەکات، بەو ئامانجەی هەندێک دەنگی زیاتر لە شارەکە بهێنن. هەر لەژێر فشاری ئەوانیش بووە کە هیچ شاندێکی یەکێتی نەچووەتە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 8/2/2018ی نێو بارەگای حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان کە دواتر بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامیش لە کۆبوونەوەکە کشانەوە.

عەلی عەونی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕايگەیاند: "ئەو خەڵکەی بڕوای بە سیاسەتی پارتی ھەیە، دەردێکی نەتەوەیی ھەیە، بەڵام گرووپی 16ی ئۆکتۆبەر دەردی پارە و پولیان ھەیە، کەرکووک و خانەقینیان فرۆشت، بۆیە دڵنیابن ھیچ دادگایەک لە دادگای گەل پاکتر نییە و ئەوانە باجی ئەم خیانەتەی خۆیان دەدەن، چونکە کەرکووکێکی پاک و ڕێک کە لە ڕووی دەنگەوە، ناسنامەوە، ئیدارە، پارێزگا، پۆلیس و ئاسایش ھەمووی بەدەستی یەکێتی بوو ڕادەستی عەرەبیان کرد".

ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی پارتی، ئەوەشی روون کردەوە: ”یەکێتی دەنگی جاران ناھێنێت، چونکە یەکێتی خۆی سزای ئەو گرووپە خیانەتکارەی نەدا، بۆیە خەڵک (سزای گرووپەکە و یەکێتیش لەبەر ئەو گرووپە) دەدەن، چونکە یەکێتی باجی خیانەتی ئەو گرووپە دەدات".

عەلی عەونی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی، گوتیی: "پارتی پێی وایە کەرکووک شارێکی داگیر کراوە، بۆ بەشداری کردنیشمان دەبێ کەرکووک وەک پێش 16ی ئۆکتۆبەر دۆخی باش بێت، چونکە ھەر ئەنجامێک بەدەر لەوە بەدەست بێ لە ژێر فشاری حەشد و حکوومەت و سوپای عێراقدایە“.

ئەوەشی نەشاردەوە کە ئەگەر پارتی بەشداریش لە هەڵبژاردنەکانی کەرکووکدا نەکات، خەڵک هەر بەهۆی ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەرەوە دەنگ بە یەکێتی نادات.










باسنيوز
Top