عەبادی بەنیازە چارەسەرکردنی کێشەکانی بەغدا و ھەولێر بخاتە دوای ھەڵبژاردنەکان
نەدا مێرگەسۆری، بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕايگەیاند: "نەناردنی بودجەی ھەرێمی کوردستان، بێگومان ئەوە نیازی خراپی عەبادی بەرامبەر بە کورد پیشان دەدات، ھەروەھا ئەوەمان پێ دەڵێت کە حکوومەتی عێراق نایەوێت ماف و ئیمتیازاتی کورد لە بودجەی 2018 جێگیر بکات، لەگەڵ ئەوەشدا یاری بە ھەموو ئەو بابەتانە دەکات، کە پەیوەستن بە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق".
بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی، ئەوەشی خستە روو، کە ئەوان باوەڕیان بە چارەسەرکردنی کێشەی کورد نییە و دەیانەوێت سزای گەلی کوردستان بدەن، بۆیە ئەمەش بۆ عەبادی ناچێتە سەر، چونکە لەسەروبەندی ھەڵبژاردن نزیک دەبێتەوە بۆ ئەوەش خۆی زیاتر بە پاڵەوان لە بڕینی قووتی خەڵکی کوردستان پیشان دەدات.
جەختی لەوەش کردەوە، کە عەبادی دەیەوێت، بە شەقامی شیعی بڵێ بەھێزترین سەرۆک وەزیرانم کە تا ئێستا سازشم بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان نەکردووە، ئەمە لە کاتێکدایە ھەموو وڵاتانی بیانی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی فشاریان خستووەتە سەر عەبادی، بەڵام ئەو نایەوێت کێشە چارەسەر ببێت.
پێشتر دەرباز محەمەد، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، لەسەر پشکی بزووتنەوەی گۆڕان، لە پەیجی تایبەتی خۆی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردبوویەوە، کە ھیوا ھەیە، لەماوەی ئەمساڵدا و لە دوای ھەڵبژاردنەکان، لەسەر گرفتەکان بە ئاشتەواییەکی تەواو بگەین.
باسنيوز
