پەرلەمانتارێکی یەکێتی: عەبادی تووشی غروری سیاسی بووە

 پەرلەمانتارێکی یەکێتی: عەبادی تووشی غروری سیاسی بووە
پەرلەمانتارێکی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان ڕای دەگەیەنێت عەبادی تووشی غرووری سیاسی بووە و پاساوی جۆراروجۆر بۆ کردنەوەی فڕۆکەخانەکانی کوردستان دەھێنێتەوە و ئەگەر ئێمە یەکڕیزیی خۆمان بپارێزین، ئەوکاتە عەبادی باجی ھەڵەکانی خۆی دەدات.

عەباس فەتاح، پەرلەمانتاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕايگەیاند: "حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە شێوەیەکیی نادەستوور و پێشێلکاری، فڕۆکەخانەکانی کوردستانی داخستووە و ئابڵۆقەی جۆراوجۆری لەسەر ھاووڵاتیانی ھەرێم داناوە".

ئەو پەرلەمانتارە گوتیشی: "بەغدا بەردەوام پاساوی جۆراوجۆر بۆ کردنەوەی فڕوکەخانەکانی کوردستان دەھێنێتەوە، بێگومان ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ململانێییە بەھێزە ناوخۆییەکانی نێوان پێکھاتەی شێعەکان، بەتایبەتی لیستەکەی عەبادی و مالیکی کە لەسەر حیسابی کورد بۆ بەھێزبوونی پێگەی خۆیان، شەڕی یەکتر دەکەن".

عەباس فەتاح ئاماژەی بەوەش دا: "حەیدەر عەبادی، تووشی غرووری سیاسی بووە، بەڵام بە ھەقی خۆی دەزانێت، چونکە ئەو درک بەوە دەکات کە پارت و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، لەناو خۆیاندا تەبا نین و دژایەتیی یەکتری دەکەن، بەڵام ئەگەر ئێمە یەکڕیزیی خۆمان بپاربزین، ئەوکاتە عەبادی باجی ھەڵەکانی خۆی دەدات".

پەڕلەمانتارەکەی یەکێتیی باسی لەوەش کرد: "ئەگەر عەبادی فڕۆکەخانەکانی کوردستان نەکاتەوە، یان فشارەکانی خۆی چڕتر بکاتەوە، پێویستە ئێمە بیر لە ژیانی خۆمان بکەینەوە".










باسنيوز
Top