یەکێتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق مەلا بەختیار کاندید دەکات
مەلا بەختیار لەلایەن یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق لە سنووری شاری خانەقین و پارێزگای دیالە کاندید کراوە.
لەمبارەیەوە چاودێرێکی سیاسی ڕايگەیاند کە کاندیدکردنەکەی مەلا بەختیار بۆ ئاشتکردنەوەی خەڵکی خانەقینە، بەهۆی ئەوەی لە دوای ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری گرووپێکەوە، خانەقین کەوتووەتە دەست میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و هێزەکانی عێراق و بەو هۆیەشەوە شارەکە دووبارە ڕووبەڕووی تەعریبکردن بووەتەوە.
جەزا سەید ماجید، ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕايگەیاند، یەکێتی بە گڕوتینێکی بەھێزەوە خۆی بۆ ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق و پەرلەمانی کوردستان ئامادە کردووە و ڕۆژی یەکشەممەی داھاتوو لیستی کاندیدەکانی یەکێتی بۆ پەرلەمانی عێراق تەواو دەکات.
ئەو سەرکردەیەی یەکێتی ڕوونیشی کردەوە: "یەکێتی ھەندێک کێشەی ھەیە، بەڵام متمانەمان بە خۆمان و جەماوەرەکەمان هەیە“.
لەبارەی کاندیدکردنی مەلا بەختیار بۆ پەرلەمانی عێراق، جەزا سەید ماجید، ئاماژەش بەوە کرد کە مەلا بەختیار خەڵکی خانەقینە و لە پرۆسەی ئازادکردنی عێراق و لە نەھێشتنی شوێنەوارەکانی تەعریبدا ”ڕۆڵ“ی بینیوە. گوتیشی: ”ئەگەر مەلا بەختیار کاندیدی پەرلەمانی عێراق بێت، بێگومان دەنگێکی بێشوماری خانەقین بۆ خۆی مسۆگەر دەکات، چونکە کەسێکی شۆڕشگێڕە و خەڵکی ناوچەکە خۆشیان دەوێت".
پێشتر حەمە چاوجوان، بەرپرسی مەڵبەندی گەرمیانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕايگەیاندبوو: "یەکێتی، ناتوانێت بۆ ھەڵبژاردنەکانی کوردستان وەک جاران بێ خەم بێت، چونکە یەکێتی بە درێژایی مێژووی لە پەرلەمان و حکوومەت حزبێکی لاوەکی نەبووە، تاکو حیسابی بۆ نەکرێت، بۆیە پێم وایە ھێشتا حزبێکی زیندووە".
ئەمە لە کاتێکدایە لە چەند ڕۆژی رابردوودا، مەلا بەختیار گەشتێکی بۆ سنووری خانەقین ئەنجام دا و ژمارەیەک کۆڕ و سمیناری پێشکەش کرد و سەردانی ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتییەکانی دەڤەرەکەی کرد.
باسنيوز
