گۆڕان و کۆمەڵ یەک لیستیی کوردستانی لە کەرکووک پەک دەخەن
بڕیاربوو رۆژی پێنجشەممە 8/2/2018، حزب و لایەنە کوردستانییەکان لە بارەگای حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان لە هەولێر کۆ ببنەوە، بە مەبەستی دروستکردنی لیستێکی هاوبەش و یەکگرتوو بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە پارێزگای کەرکووک.
بەپێی زانیارییەکان، یەکێتی بەشداریی کۆبوونەوەکەی نەکردووە و هەرسێ لایەنی کۆمەڵی ئیسلامی، بزووتنەوەی گۆڕان و هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەریش بە بیانووی ئامادەنەبوونی نوێنەری یەکێتی، لە هۆڵی کۆبوونەوەکە هاتوونەتە دەرەوە.
سەلام کەریم، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی بزووتنەوەی ئیسلامی بە (کوردستان 24)ی راگەیاند، نوێنەری کۆمەڵ، گۆڕان و هاوپەیمانی ئامادەنەبوونی یەکێتییان کردە بەهانە بۆ دروست نەکردنی یەک لیستی هاوبەش.
سەلام کەریم هەروەها رایگەیاندووە، کە نوێنەری ئەو سێ لایەنە لە قسەکانیان دیاربوو لەگەڵ دروستکردنی یەک لیستی کوردستانی نەبوون بۆ هەڵبژاردن و دەیانگوت، کاتەکە درەنگە و دەرفەتی دروستکردنی هاوپەیمانییەکی یەکگرتوو نەماوە.
هەروەها بەهمەن عەبدوڵڵا، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی حزبی زەحمەتکێشان رایگەیاندووە، کە کاتی ئەنجامدانی کۆبوونەوەی داهاتوو دیاری نەکراوە.
باسنیوز
