جەبار یاوەر دەنگۆی لەکار لادانی ڕەت دەکاتەوە

 جەبار یاوەر دەنگۆی لەکار لادانی ڕەت دەکاتەوە
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە ڕای دەگەیەنێت، ھیچ جۆرە گۆڕانکارییەک لە پۆستەکانی وەزارەتەکە نەکراوە و ئەویش لە پۆستەکەی لانەدراوە.



فەریق جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە سەبارەت بە لادانی لە پۆستەکەی بڵاو دەکرێنەوە، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”ھەموو ئەوانەی بڵاو کراونەتەوە، پڕوپاگەندەن، چونکە لە ھەڵبژاردنەکان نزیک دەبینەوە، بۆیە پڕوپاگەندە ئیتر دەست پێ دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا دڵنیا بن ھیچ گۆڕانکارییەک لە پۆستەکانی وەزارەتی پێشمەرگە نەکراوە و منیش لە پۆستی خۆمدام".



ئەوەشی ڕوون کردەوە کە ئەگەر هەر گۆڕانکارییەک هەبێت، وەزارەتی پێشمەرگە پێگەی فەرمی و ناوەندی ڕاگەیاندنی تایبەت بەخۆی هەیە و لەوێوە بڵاو دەکرێتەوە.



جەبار یاوەر باسیشی لەوە کرد، ئەو کارمەندی حکوومەتە و لە ھەر شوێنێ پێویست بێ، لەوێ کار دەکات. گوتیشی: ”ئێستا کراومەتە ئەندامی لێژنەی دانوستانکار لەگەڵ حکوومەتی عێراق و مەلەفی پێشمەرگە لەلای منە".




باسنیوز
Top