جەبار یاوەر دەنگۆی لەکار لادانی ڕەت دەکاتەوە
فەریق جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە سەبارەت بە لادانی لە پۆستەکەی بڵاو دەکرێنەوە، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”ھەموو ئەوانەی بڵاو کراونەتەوە، پڕوپاگەندەن، چونکە لە ھەڵبژاردنەکان نزیک دەبینەوە، بۆیە پڕوپاگەندە ئیتر دەست پێ دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا دڵنیا بن ھیچ گۆڕانکارییەک لە پۆستەکانی وەزارەتی پێشمەرگە نەکراوە و منیش لە پۆستی خۆمدام".
ئەوەشی ڕوون کردەوە کە ئەگەر هەر گۆڕانکارییەک هەبێت، وەزارەتی پێشمەرگە پێگەی فەرمی و ناوەندی ڕاگەیاندنی تایبەت بەخۆی هەیە و لەوێوە بڵاو دەکرێتەوە.
جەبار یاوەر باسیشی لەوە کرد، ئەو کارمەندی حکوومەتە و لە ھەر شوێنێ پێویست بێ، لەوێ کار دەکات. گوتیشی: ”ئێستا کراومەتە ئەندامی لێژنەی دانوستانکار لەگەڵ حکوومەتی عێراق و مەلەفی پێشمەرگە لەلای منە".
باسنیوز
