وەزیرەکەی گۆڕان ئامادە نییە هاوکاریی ئاوارەکانی کەرکووک و خورماتوو بکات
بەپێی زانیارییەکان و ئەو سکاڵا و ناڕەزاییانەی کە ئاوارەکانی خورماتوو لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان دەریان بڕیوە، تاوەکوو ئێستا وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق کە دەرباز محەمەد، لەسەر پشکی بزووتنەوەی گۆڕان لەو پۆستە دایە، ئامادە نەبوون هاوکاریی ئاوارەکانی دوای خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر بکەن، لە کاتێکدا ئەو ئاوارانە لهبهر ستهم و داگیرکارییهکانی حەشدی شەعبی و حکوومهتی عێراق، ناوچهکانی خۆیان جێهێشتووه و ئاواره بوون.
لەمبارەیەوە عادل نووری، پەرلەمانتاری کورد لە پەرلەمانی عێراق بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”لە 16ی ئۆکتۆبەردا دوو کارەساتمان بەسەر هات، یەکەم لەدەستدانی خاک، دووەم ماڵوێرانبوونی خەڵک“.
ڕوونیشی کردەوە کە کارەساتە مرۆییەکە گەورە بوو، بەهۆی ئەوەی لە وەرزێکی زۆر ناخۆش و سەرما و سۆڵە کە خەڵک جێگە و ڕێگەیان خۆش بوو، کەچی کتوپڕ لە چەند چرکەیەکدا ئاوارە بوون و ”هێزێکی وەحشیگەر و بێویژدان هات و دەستی بە ماڵ سووتاندن و ماڵ تاڵانکردن کرد. ئەوانە هێزێکی هۆلاکۆیی بوون و دوور بوون لە هەموو پرەنسیپێکی ئەخلاقی“.
عادل نووری نەیشاردەوە، هەرچەندە دەگوترا کورد و کوردستان بەشێکن لە عێراق، بەڵام دامەزراوەکانی عێراق بەپێی پێویست نەهاتوون بەدەم ئەو کارەساتە مرۆییەوە، لە کاتێکدا ”وەزیرەکە هەم کوردە و هەم گەرمیانییە و خەڵکی شوێنەکەیە و ئەوانە هەمووی دەناسێ و دەزانێ خەڵکی ناوچەکە چۆنە“.
ئەوەشی نەشاردەوە کە چەند جارێک لە کەناڵەکانەوە وەزیری کۆچ و کۆچبەران بەڵێنی داوە، بەڵام ”ڕۆژانە خەڵک لە خورماتوو و شوێنانی دیکەوە پەیوەندیمان پێوە دەکەن کە دۆخەکەیان خراپە و تەعریب دەکرێنەوە. ئێمە بەردەوام قسەی خۆمان هەیە. بەڵام جەنابی وەزیر کە پێموایە دەبێ لە من زیاتر شارەزای ناوچەی خۆی بێ و خەڵکەکە بناسێ، چونکە نوێنەری خەڵکی گەرمیانە. ئەو جێبەجێکارە و تایبەتە بە پێشوازیکردن لە ئاوارەیەکی سووری و عەرەب و ناوچە کوردستانییەکانیش“.
عادل نووری دووپاتی کردەوە: ”وەزیری کۆچ و کۆچبەران چەند ساڵێکە بە دەم ئاوارەی عەرەب و شیعەوە بووە، ئەگەر ئەوان لەسەر کێشەی تائیفی ئاوارە بوون، ئەوانەی ئێمە لەسەر خاک ئاوارە بوون، ئاوارەکانی ئێمە ئاوارەی موقەدەسن. ئاوارەی ئێمە لەبەر پارێزگاری لە خاک و نیشتمان شوێنەکانیان لەدەست داوە، بۆ ئەوەی شەرعیەت بەو داگیرکردنە نەدەن، ماڵەکانیان جێهێشتووە“.
بۆیە هیوای خواست دەرباز محەمەد کە خۆی گەرمیانییە و ”خەڵک و خاکەکەی چاک دەناسێ“، وەکوو نوێنەری ئەو خەڵکە، ”لە هەموو کەس دڵگەرمتر بێت“. گوتیشی: ”بودجەی زۆر زەبەلاح بۆ ئاوارە عەرەبە سوننەکانی مووسڵ، ئەنبار، سەڵاحەدین و دیالە خەرج کراوە، چ لە خانەقین و چ لە گەرمیان خێوەتگەیان بۆ کرایەوە و پارە و مووچەیان بۆ بڕایەوە، بەڵام بۆچی بۆ کورد ئەوە ناکرێت؟ یان کەمتەرخەمی بەرامبەریان دەکرێ؟ هاووڵاتییانی ئاوارەی کورد گلەییان هەیە کە تائێستا وەکوو پێویست ناونووس نەکراون و هاوکاری نەکراون و نیشتەجێ نەکراون“.
ئەو پەرلەمانتارە کوردە لە کۆتایی قسەکانیدا ئاشکرای کرد: ”کەمتەرخەمی هەیە و هیوادارم وەزیری کۆچ و کۆچبەران کە خەریکە لە کۆتایی ئەو چوارساڵەیە، کۆتاییەکی جوان بۆ خۆی تۆمار بکات، نەک بە گلەیی و گازاندە و کەمتەرخەمییەوە کۆتایی بەم کابینەیەی حکوومەتی عێراق بێت. ئەوەی بۆ ئاوارەی شیعە و سوننەی کردووە، بۆ خەڵک و کەسوکارەکەی خۆتی بکە“.
باسنیوز
