سووریا، گۆڕەپانی ململانێ و بەرژەوەندیی زلهێزان
شارەزای سیاسی رەنجبەر شێخۆ، باوەڕی وایە، کە دۆخی سووریا بەستراوەتەوە بە دۆخەكەی بەهاری عەرەبییەوە لەو كاتەوەى دەستی پێ كردووە، لە لایەكی دیكەیشەوە پەیوەستە بە بارودۆخی وڵاتانی ئیقلیمی و دەوروبەرەوە، دەشڵێ، ئەم وڵاتانە لەسەر بنیاتنانی بەرژەوەندییەكانی خۆیان لەسەر حیسابی وڵاتان ماون، بە تایبەت توركیا و عێراق.
شێخۆ کە مامۆستای زانكۆیشە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت، "دوای وەستانی شەڕی بەهاری عەرەبی، لە سووریا نەوەستایەوە و بووە هۆكاری ئەوەی دوو جەمسەرەكەی دونیا بێنە سەر خاكی سووریا و دۆخەكە لە قازانجی خۆیان بە كۆتا بێنن، رووسیایش پێی وا بوو پشتیوانیی رژێمی ئەسەد بكات، باشترە و ئەمەریكایش مكوڕ بوو لەوەی ئەم رژێمە لەناو ببات، بەڵام بە چەندین بەدیلی دیكەوە، بۆ نموونە ئۆپۆزسیۆنی سووریا، وەلێ ئامانجەكەی نەپێكا، چونكە ئەمەریكا خۆی متمانەی بەو ئۆپۆزسیۆنە نییە و دەزانێت بەدیلی رژێمی ئەسەدیش نییە".
ئەو مامۆستایەی زانكۆ دەڵێ، "كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بێدەنگ نییە لە ئاستی رووداوە سیاسییەكانی سووریا و، زۆر هەوڵی داوە ئەم كێشەیە چارە بكرێت، بەڵام ئاستەنگەكە ئەوەیە كە ئەنجوومەنی ئاساییشی نێودەوڵەتی مافی ڤیتۆ دەداتە هەر پێنچ وڵاتی زلهێز بڕیار بدەن و، زۆربەی جاران چین و رووسیا ڤیتۆیان لە بەرژەوەندیی بڕیارەكانی رژێمی ئەسەد دەركردووە، ئەمەیش لە رووی یاساییەوە مافی ئەوانە، بەڵام لە رووی مرۆییەوە شەرمەزارییە، چونكە پشتگیریكردنە لە رژێمیكی دكتاتۆری".
شێخۆ هەروەها ئەوەشی گوت، "ئێستا رووسیا خۆی بە پاڵەوانی یەكەمی گۆڕەپانی سووریا دادەنێت و، چەندین هەوڵیشی داون كە كۆنگرە یەك لە دوای یەكەكانی جنێف بە ئامانج نەگەن و، دواتر هەڵسا بە دروستكردنی كۆنگرەی ئەستانە و سوچی و چەندانی دیكە، ئەمەیش جارێكی تر دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی ئۆپۆزسیۆنێكی كارا و بەهێز لە سووریادا".
گومان و ترسی ئیسڕائیل لە چیدایە؟
لە دواسەردانی سەرۆكوەزیرانی ئیسڕائیل بنیامین نەتەنیاهۆ بۆ مۆسكۆی پایتەختی وڵاتی رووسیا و، كۆبوونەوەی لەگەڵ پووتین سەرۆكی رووسیا، كە تەوەری سەرەكیی كۆبوونەوەكە كۆنگرەی سوچی و چارەكردنی كێشەی سووریا و هاوئاهەنگیی سەربازی بوو، دڵەڕاوكێی رووسیا لەسەر هەبوونی هێزی ئێرانی لە سووریا دروست بوو.
شارەزایانی سیاسی ئاماژە بەوە دەدەن، ئیسڕائیل دڵەڕاوكێی هەیە لەسەر گەیاندنی مووشەكی دوورمەودا لە لایەن ئێرانەوە بۆ نێو خاكی سووریا و ناوچەكە بۆ حزبوڵڵا. ئەوان پێیان وایە، حزبوڵڵا مەترسییە بۆ سەر ئاساییشی تەلئەبیب.
نیگەرانیی ئێران لەسەر هێرشەكەی توركیا بۆ سەر عەفرین
بەهرام قاسمی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، داوای لە توركیا كردووە، ئۆپەراسیۆنی دژ بە عەفرین بوەستێنێ و لەبارەی ناسەقامگیرییشەوە هۆشداری دەداتە توركیا و دەڵێ، "بەردەوامبوونی ئەم ئۆپەراسیۆنە، لەوانەیە هاوكار بێت بۆ ناسەقامگیری و گەڕانەوەی تیرۆریستان".
ئێران یەكێكە لە وڵاتانەی کە ڕاستەوخۆ دەستی خستووەتە ناو كاروباری سووریاوە، ئەو کە لە بەرەی بەرگریكردنە لە رژێمەكەی بەشار ئەسەد، لەو پێناوەدا پاسداری زۆریشی کردوونەتە قوربانی.
ئەكرەم ئۆنەن، پێشتر مامۆستای زانكۆی ئەرتۆكلۆی توركیا بووە و شارەزایە لە سیاسەتی نێودەوڵەتی دەڵێ، "ئێران ئەوەندە چارەی كوردی ناوێ تا بێتو بڵێت هێرشی سەر عەفرین مەترسیدارە، بەڵام ئەوان پێیان وایە هەبوونی توركیا لە ناوچەكە نفووزی ئێران كەم دەكاتەوە، هەربۆیە ئێران هەوڵی ئەوە دەدات رێڕەوی هیلالی شیعە درێژ بكاتەوە، لەبەر ئەوەیشە نیگەرانە لە هێرشەكەی عەفرین لە لایەن توركیاوە".
گومان لە هەڵوێستی ئەمەریكا
لەبارەی رووداوەكانی عەفرین و هەڵوێستی ئەمەریكاوە ئەكرەم ئۆنەن دەڵێ، ئەمەریكا لەسەر رووداوەكانی عەفرین تا ئێستا بە قسە و لێدوان هەڵوێستی هەیە، تەنیا ئامانجیشی ئەوەیە دیسان پێگەی رووسیا لە ناوچەكە كەم بكاتەوە، بۆیە هەڵوێستەكەی ئەمەریكا لەو بارەیەوە جێگای گومانە.
سەبارەت بە چارەكردنی كێشەی سووریاوە ئێستا دوو بەرە هەن، گرووپی كۆنگرەی جنێف و كۆنگرەكانی سوچین.
لە ٢٠-١-٢٠١٨ـوە، هێزەكانی توركیا لە ئاسمان و زەوییەوە ناوچەكانی عەفرین بۆردوومان دەكات و، پەیەدەیش دەڵێ داوە بە هیچ شێوەیەك ئەو شارە رادەستی توركیا نەكات.
لەو هەڵمەتەی سوپای تورکیادا کە بە هاوکاریی گرووپە چەکدارەکانی نێو سوپای سووریای ئازادی سووریا بەرپا کراوە، سەدان سەربازی تورک و چەکدارە سووریاییەکانی کە تورکیا پشتیوانییان دەکات کوژراون، لە بەرانبەردا دەیان چەکداری یەپەگە و دەیان هاووڵاتی سڤیل لە عەفرین و دەوروبەری بوونەتە قوربانی.
kdp-
