کەمال کەرکووک: بە خۆشی بێت یان بە ڕێگایەکی دیکە کار بۆ وەرگرتنەوەی کەرکووک دەکەین

 کەمال کەرکووک: بە خۆشی بێت یان بە ڕێگایەکی دیکە کار بۆ وەرگرتنەوەی کەرکووک دەکەین
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئاماژە بەوە دەدات، کە بە خۆشی بێت یان بە ڕێگایەکی دیکە، کار بۆ وەرگرتنەوەی کەرکووک دەکەین.

کەمال کەرکووکی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە 7/2/2018، لە سەنتەری رۆشنبیری و کۆمەڵایەتیی زانکۆی سەڵاحەدین لە شاری ھەولێر، سیمینارێکی تایبەت بە ڕووداوەکانی دوای 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 پێشکەش کرد و ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، کە ئێستا واقیعێک فەرز کراوەتە سەر کەرکووک و کەرکووکییەکان، بەڵام کەرکووک مادەی 140ی دەستووری ھەمیشەیی عێراق بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی بۆ دانراوە، بەڵام ئەو مادەیە جێبەجێ نەکرا، بۆیە بڕیاری ریفراندۆم درا.

کەرکووکی ئەوەشی خستەڕوو، ئێستا ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووکیش کارەکانی ڕاوەستێنراوە و پارێزگارەکەشی کە پارێزگارێکی شەرعییە، بەدەنگی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک کراوەتە پارێزگار، ئێستا لە کارەکانی درووخراوەتەوە، ھەروەھا ئێستا ئەگەر دەست ھێزە ئەمنییەکان لە کەرکووک بکەوێت، دەستگیری دەکەن، بۆیە کەرکووک لە دوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە داگیرکراوە.

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەو سیمینارەیدا، جەختی لەوە کردەوە: "ئێمە داواکاریمان لەلایەنە کوردستانییەکانی تریش ئەوەیە بەھەموو شێوەیەک بایکۆتی پرۆسەی سیاسی لە کەرکووک بکەن، نەک پارتی بە تەنیا و ئێمە قوربانییەکی زۆرمان بۆ کەرکووک داوە و ئێمە وەک (ڕەمز) تەماشای کەرکووک دەکەین و ھەوڵمانداوە ئەو شارە ناسنامەی کوردستانی بێت و دەتوانین دووپاتی بکەینەوە کە کەرکووک کوردستانییە و لە پێناوی قوربانییەکی زۆریشی بۆ دراوە و دڵنیابن ئەو دۆخەی ئێستا ھەیە بەو شێوەیە نامێنێت، ئیتر بە خۆشی بێت یان بەڕێگایەکی تر بێت، ئەگەر نا بە دڵنیاییەوە رێگای تر دەگرینە بەر بۆ وەرگرتنەوەی کەرکووک".

ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017، حەشدی شەعبی و چەند میلیشیایەکی دیکە، بەڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی خیانەتکار، پەلاماری کەرکووک و خورماتوو و خانەقینیان دا و دەستیان بە سەردا گرت و سەدان ھاووڵاتیی کوردیان شەھید و بریندار کرد و نزیکەی 200 ھەزار کەسیش لەو سنوورانە ئاوارە بوون.

ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017، کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری سکترتێری گشتی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: "ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی ناو یەکێتی دایە".

ڕۆژی 27/12/2017 جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی ھێزەکانی 70ی پێشمەرگە و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ڕاشکاوی ڕای گەیاند: ”ھۆکاری 16ی ئۆکتۆبەر ڕیفراندۆم نەبوو، بەڵکوو خیانەتی گرووپێکی نێو یەکێتی بوو“. باسیشی لەوە کرد کە ئەگەر مام جەلال لە ژیان بووایە، ئەو گرووپەی نێو یەکێتی وەک خیانەتکار سزا دەدا.










باسنيوز
Top