شاخەوان عەبدولڵا: شانازی بە سزادانم دەکەم
شاخەوان عەبدولڵا، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەبارەی سزادانی رايگەیاند: "وەک خۆم، سزادانم جێی شانازییە، من پێشتر لەسەر ریفراندۆم سزا دراوم، لەسەر پرسە نەتەوەییەکان سزا دراوم، لەسەر گەڕانەوەی زەوییە کشتوکاڵییەکانی کورد دیسان سزام ھەیە، سزاکانی من سزای نەتەوەین، ھیچ کاتێک سزای شەخسیم نییە، بە ھیچ شێوەیەکیش سازش ناکەم بۆ ئەوەی سزاکانم بۆ رەشکەنەوە".
ئەو پەرلەمانتارە، ئەوەشی خستە روو، کە ئەوەی رووی دا، دانیشتنێکی نایاسایی بوو، ھەموو رێگەیەکمان گرتەبەر، بۆئەوەی دانیشتنە نایاساییەکە نەڕوات، بەتایبەت رێژەی 17% بکرێتە 12%، گوتیشی: "نامانەوێ ئەو مێژووە رەشە بۆ خۆمان تۆمار بکەین، منیش کاغەزەکانم لە دەستی سەرۆکی لێژنەی دارایی ستاند، چونکە ئەگەر ئەو نووسراوانەی لا نەبێت، ناتوانێت خوێندنەوە بۆ ئەو پڕۆژە یاساییە بکات، دواجار دانیشتنەکەم تێکدا، جارێکی دیکەش ئەگەر بکرێتەوە، ئامادەم تێکی بدەمەوە".
بەپێی ئەو بەڵگەنامەیەی کە ئەمڕۆ چوارشەممە 7/2/2018 لەلایەن نووسینگەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراقەوە بڵاو کراوەتەوە، سێ پەرلەمانتاری کورد بە تۆمەتی پێشێلکردنی بنەماکانی ڕەفتاری پەرلەمانتاری و پەکخستنی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق، سزا دراون.
ئەو سێ پەرلەمانتارە لە (شاخەوان عەبدولڵا، سیروان عەبدولڵا ئیسماعیل)، پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی پارتی و مەسعوود حەیدەر، پەرلەمانتاری گۆڕان پێکھاتوون.
بەپێی بەڵگەنامەکە، سزاکە بریتییە لە (سڕینەوەی گوتەکانیان لە کۆنووسی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران، ھەڵپەساردنی ئەندامێتییان بۆ ماوەی 15 ڕۆژ و بڕە پارەیەکیان لێ دەبڕدرێت بەرامبەر ئەو ڕۆژانەی ئەندامێتییان ھەڵپەسێردراوە بەرامبەرە بەو بڕە پارەیەی پەرلەمانتارێک بەھۆی ئامادەبوونی لە کۆبوونەوەی پەرلەمان لێی دەگێڕدرێتەوە).
باسنيوز
