سەرۆکایەتیی حکوومەت و پەرلەمانی کوردستان پرسی ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی ھەرێمی کوردستان تاتوێ دەکەن
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە 7/2/2018، لە پەرلەمانی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، شاندێکی یاوەری، کە پێکھاتبوو لە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، جەعفەر ئیبراھیم، جێگری سەرۆکی پەرلەمان، بێگەر تاڵەبانی، سکرتێری پەرلەمان، سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان، سەرۆکی ھەردوو لێژنەی کاروباری یاسایی و لێژنەی کاروباری پەرلەمان و کۆمسیۆنی ھەڵبژاردن و ڕاپرسی لە ھەرێمی کوردستان، بەمەبەستی تاوتوێکردنی پرسی ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی ھەرێمی کوردستان، کۆبوونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا جێگری سەرۆکی پەرلەمان، ئاماژەی بەوە دا کە کۆبوونەوەکە لەسەر داوای نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان بووە تا تیایدا تاوتوێی ھەڵبژاردنەکانی داھاتوو، دابینکردنی پێداویستەکانی ئەنجامدانی ھەڵبژاردن بۆ کۆمسیۆنی ھەڵبژاردن و ڕاپرسی، گەیشتن بە لێکگەیشتنێکی ھاوبەش دەربارەی وادەی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی ھەرێمی کوردستان بکرێت.
نێچیرڤان بارزانی، وێڕای دەربڕینی ھەموو پشتگیرییەک بۆ دابینکردنی سەرجەم پێداویستییەکانی ئەنجامدانی ھەڵبژاردن، جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەنجامدانی ھەڵبژاردن جگە لە پاراستنی ئەزموونی دیموکراسیی ھەرێمی کوردستان، دەرچەیەکیشە بۆ چارەسەرکردنی کێشە سیاسی و ناوخۆییەکانی ھەرێمی کودستان.
ھەروەھا ڕایگەیاند ھەڵبژاردن پرسێکی گرنگی سیاسی و نیشتمانییە و لە دەرەوەی وڵاتیش جێگەی بایەخە، بۆیە ھیوای خواست ئەم کۆبوونەوەیە ببێتە دەستپێکێکی باش بۆ دیاریکردنی وادەیەک بۆ ھەڵبژاردنەکانی داھاتوو، ئەمەش بە دروستبوونی لێکگەیشتنێکی ھاوبەشی نێوان لایەنە سیاسییەکان.
لە کۆبوونەوەکەدا کۆمسیۆنی ھەڵبژاردن و ڕاپرسی، وێڕای پێشکەشکردنی پوختەیەک دەربارەی کێشە و پێداویستییەکان و کار و چالاکی و ئامادەکارییەکانیان بۆ ھەڵبژاردن، ھەموو لایەکی دڵنیا کردەوە کە ھەنگاوی زۆر باشی ھەڵێناوە بۆ ڕێکوپێکردنی تۆماری دەنگدەران و لە کارکردن بەردەوام دەبێت تا گەیشتن بە تۆمارێکی بێ کێشەی دەنگدەران بۆ ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی ھەرێمی کوردستان.
لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکایەتیی پەرلەمان و حکوومەت، فراکسیۆنەکان و لێژنەکانی یاسایی و کاروباری پەرلەمان و کۆمسیۆنی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردن و ڕاپرسی، سەرنج و تێبینیی خۆیان لەبارەی ھەڵبژاردنەکان و دیاریکردنی وادەیەک کە لە ماوەی یاساییی خۆی تێپەڕ نەبێت تاوتوێ کرد و بڕیار درا دوای ئەو کۆبوونەوەیە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان ڕاوێژ بکرێت بۆ ئەوەی بگەنە تێگەیشتنێکی ھاوبەش لەسەر دیاریکردنی وادەی ئەنجامدنی ھەڵبژاردن لە چوارچێوەی ماوەی یاساییدا.
پاش ئەوەی ئەو تێگەیشتنە لەنێوان لایەنە سیاسییەکاندا دروست بوو، سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان بەپێی ئەو دەسەڵاتەی پێیدراوە ڕۆژی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکان دیاری دەکات بە شێوەیەک لە 60 ڕۆژ کەمتر نەبێت لە ماوەی یاسایی بۆ ئەوەی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردن و ڕاپرسی بتوانێت کاروباری بەڕێخستنی ھەڵبژاردنەکان ئەنجام بدات.
دوای کۆبوونەوەکەش نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا باسی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی کرد و رای گەیاند: "ئەمڕۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان و حکوومەت و کۆمسیۆنی ھەڵبژاردن ھەبوو و تیایدا باسی دیاریکردنی وادەی ھەڵبژاردن کرا، لە کۆبوونەوەکەدا وادەی ھەڵبژاردنەکان دیاری نەکراوە، چونکە ئەمە پێویستی بە ڕاوێژ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بۆ دیاریکردنی ڕۆژی ھەڵبژاردن لە ھەرێمی کوردستان ھەیە، لە کۆبوونەوەکەدا کۆمسیۆن ڕاپۆرتی خۆی و ئەو ھەنگاوانەی تا ئێستا ناویانە لەم بوارەدا، پێشکەش کرد، پەرلەمان باسی بابەتی یاسایی کرد و حکوومەتیش باسی ئەو ئامادەکارییانەی کرد کە بۆ ئەو بابەتە پێویستن و بڕیار درا لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان قسە بکەن و دواتر وادەی ھەڵبژاردنەکان دیاری بکرێت".
لە وەڵامی پرسیارێکدا دەربارەی گرفتەکانی بەردەم ئەنجامدانی ھەڵبژاردن، سەرۆک وەزیران ئاشکرای کرد: "ئەوەی کە تێبینیم کردبێت گرفتێگی وا نییە، بەڵام ھەندێک بابەتی تەکنیکی ھەیە پێویستیان بە چارەسەرە و ھیچ گرفتێکی وا نییە".
سەبارەت بەو دەنگۆیانەی گوایە مووچەی ھەردوو وەزارەتی پەروەردە و تەندروستی لەلایەن بەغداوە نێردراوە، ڕای گەیاند "ھیچ پارەیەک نەھاتووە، بانکی ناوەندیی عێراق لقێکیان لە ھەولێر ھەیە و پارەیان خستۆتە ئەو لقەیان لە ھەولێر، واتە پارەکە ھی بانکی ناوەندیی عێراق بووە و تا ئێستا ھیچ پارەیەک لە بەغداوە بۆ پێدانی مووچەی کارمەندانی ھەرێمی کوردستان نەھاتووە".
باسنيوز
