سەرکردەیەکی پارتی: پەکەکە ئەوەندەی خەریکی هەرێمی کوردستانە خەریکی ڕۆژئاوای کوردستان نییە

 سەرکردەیەکی پارتی: پەکەکە ئەوەندەی خەریکی هەرێمی کوردستانە خەریکی ڕۆژئاوای کوردستان نییە
ئەندامێکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕای دەگەیەنێت کە میدیاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کوردانە کار ناکەن. جەختیش لەوە دەکاتەوە کە ئەو پارتە هێندەی خەریکی هەرێمی کوردستان و ململانێی سیاسیی هەرێمی کوردستانە، هێندە خەریکی ڕۆژئاوای کوردستان نییە.

عەلی عەونی، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕايگەیاند: "ئێمە وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان کوردانە بیردەکەینەوە، بەڵام بەداخەوە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و میدیاکانی نزیک لەو حزبە، بانگەشەکانیشیان بۆ کوردایەتی ڕاست نییە".

ھاوکات عەلی عەونی، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "پەکەکە و لایەنگرانیان زیاتر حزبایەتی دەکەن وەک لە کوردایەتی، ئێستا بە ھۆی ھێرشەکانی تورکیا بۆ سەر عەفرین، خەڵک وایدەزانی پەکەکە ئاگر لە باکووری کوردستان دژی سوپای تورکیا دەکاتەوە و ھەموو شتێکی بەرامبەر بەو سوپایە دەکا، بەڵام نەیکرد“.

جەختی کردەوە، سەرانی پەکەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە دەوڵەتی نەتەوەییان ناوێت، ”دڵنیام ئەگەر ئێستا دۆخی رۆژئاوای کوردستان بەتەواوەتی لە دەستیان بوایە، بەئەمانەتەوە ڕادەستی حکوومەتی سووریایان دەکردەوە".

هەر لەمبارەیەوە، ئاسۆ کەریم، نووسەر و ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان، رايگەیاند: "ھەڵوێستی پارتی دیموکراتی کوردستان لەمەڕ ھێرشەکانی تورکیا بۆ سەر عەفرین ھەڵوێستێکی واقیعییانەیە، ئەویش لە سەر زاری ڕێزدار بارزانی کە جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، ئەوان نیگەرانن لەو شەڕە و دەیانەوێت ئەو شەڕە زوو کۆتایی پێ بێت، چونکە شەڕ چارەسەری ھیچ کێشەیەک ناکات و ئەوە تورکیایە پەلاماری عەفرین دەدات، کەواتە جەنابی بارزانی رووی دەمی لە تورکیایە".

ڕوونی کردەوە، دامودەزگاکانی ڕاگەیاندنی سەر بە پارتی ”بە رۆحێکی نەتەوەیی“ و ھەست کردن بەپەرپرسیارێتی، دۆخی ئێستای عەفرین دەگوازنەوە.












باسنيوز
Top