شاندێکی پارێزگای هەولێر سەردانی ورمێ دەکات

 شاندێکی پارێزگای هەولێر سەردانی ورمێ دەکات
سەرچاوەیەک لە حکووومەتی هەرێمی کوردستان ڕای گەیاند، شاندیکی بازرگانیی پارێزگای هەولێر سەردانی پارێزگای ورمێ دەکات.

لە ئاگادارییەکدا کە نووسینگەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان عەبدوڵڵا ئاکرەیی بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕای گەیاندووە بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا شاندێکی پارێزگای هەولێر پێکهاتوو لە بەرپرسانی گومرکی و ژمارەیەک لە ئەندامانی ژووری بازرگانیی هەولێر بۆ تاوتوێکردنی چۆنیەتیی پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان هەردوو پارێزگای هەولێر و ورمێ سەردانی پارێزگای ورمێ بکەن.

سەرچاوەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەروەها ئاماژەی بە پەیامی پیرۆزبایی پارێزگاری هەولێر بۆ هەر یەک لە پارێزگارانی نوێی سنە، کرماشان و ورمێ کرد کە تێیدا نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر هیوای خواست هەڵبژێردرانی پارێزگارانی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ببێتە هۆی پتەوتربوونی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان.

شایانی باسە، ئەم سەردانە دوای ئەوە دێت کە شاندێکی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەردانی تارانی کرد و لەگەل سەرکۆمار و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکاندا بڕیار لەسەر پتەوترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا لەڕووی سیاسی و بازرگانی و ئابوورییەوە درا.

هەر لەو پەیوەندییەدا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کونسووڵی گشتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر سەردانی ژووری بازرگانیی هەولێری کرد و لە دیدارێکدا لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانی ژووری بازرگانیی هەولێر، لەسەر چۆنیەتیی چارەسەرکردنی ئاستەنگەکانی بەردەم ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ڕێکخستنەوەی خاڵە سنوورییەکان گفتوگۆ کرا، بۆ ئەو مەبەستەش شاندێکی هاوبەشی حکوومەتی هەرێم و ژووری بازرگانیی هەولێر لە داهاتوویەکی نزیکدا سەردانی پارێزگای ورمێ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەن.










باسنيوز
Top