عەبادی لەبارەی هێزەكانی ئەمریكاوە شەرمەزار دەبێت

عەبادی لەبارەی هێزەكانی ئەمریكاوە شەرمەزار دەبێت



ئەمڕۆ سێشەممە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە وەڵامی لێدوانی گوتەبێژی حكوومەتەكەی، كە گوتبووی لە دوای داعش پێویست بە هێزی ئەمریكا لە عێراق نەماوە، رایگەیاند كە هێشتا عێراق پێویستی بە هێزە ئاسمانییەكانی هاوپەیمانانە.


دوێنێ دووشەممە، دوای ئەوەی گوتەبێژی عێراق رایگەیاندبوو كە هێزەكانی سوپای ئەمریكا لە عێراق دەستیان بە كشانەوە كردووە و عێراق پێویستی پێنەماون، وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا رایگەیاند كە یەك سەربازیشیان لە عێراق نەكێشاوەتەوە و یەك سەربازیش ناكێشنەوە.


ئەم هەڵوێستەی دوێنێی ئەمریكا، عەبادی ناچار كرد ئەمڕۆ بێتە دەنگ و دووپاتی كردەوە هێشتا پێویستیان بە هاوپەیمانانە، بەمەش لێدوانی گوتەبێژی فەرمیی حكومەتەكەی رەت كردەوە.


لەلایەكی تریشەوە ئەمڕۆ راگەیەندرا كە دوو گرووپى شیعه‌ی نزیك له‌ كۆمارى ئیسلامی ئێران، داوا له‌ عه‌بادى ده‌كه‌ن، ته‌واوى هێزه‌ ئه‌مریكییه‌كان له‌ عێراق ده‌ربكات، ڕه‌خنه‌ش له‌ ڕێكه‌وتنى ستراتیژیی مانه‌وه‌ى به‌شێك له‌ هێزه‌ ئه‌مریكییه‌كان بۆ كارى مه‌شقكردن و ڕاوێژ ده‌گرن.


ڕێكخراوى به‌در، كه‌ گرووپێكى شیعه‌یه‌ و ئه‌ندامێكى وه‌زیره‌ له‌ حكوومه‌ته‌كه‌ى عه‌بادى، ڕایگه‌یاند "مانه‌وه‌ى هێزه‌كانى ئه‌مریكا له‌ وڵات، ده‌بێته‌ هۆى پشێوی". هاوكات كه‌تیبه‌كانى حزبوڵا له‌ عێراق، كه‌ گرووپێكى شیعه‌ى توندڕه‌وه‌، هه‌ڕه‌شه‌ى هێرشكردنه‌ سه‌ر هێزه‌ ئه‌مریكییه‌كان ده‌كات.

bas news-
Top