كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق دان بەپارێزگای هەڵەبجەدا نانێت
دوای تێپەڕینی چوار ساڵ بەسەر بوونی هەڵەبجە بە پارێزگا، هێشتا كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق دانی پێدا نەناوە و لە لیستی دابەشكردنی كورسیەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا، هەڵەبجەی وەكو قەزایەكی سەر بە سلێمانی حیساب كردووە.
ئەگەرچی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە 31/12/2013وە بەزۆرینەی دەنگ بڕیاری بە پارێزگاكردنی هەڵەبجەی پەسەند كردووە و 13/3/2014ش لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە بڕیاری بە پارێزگابوونی هەڵەبجە ئیمزا كراوە، تا ئێستە لە بەغدا بە تەواوی وەكو پارێزگایەكی نوێ و نۆزدەمین پارێزگای عێراق حیساب بۆ هەڵەبجە ناكرێ.
ئەمڕۆ سێشەممە لیستێكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان دزەی كردووەتە نێو میدیاكان و تیایدا عێراق وەكو پێش هەڵبژاردنی رابردووی پەرلەمان هەر 18 پارێزگایەكەی جارانە و هەڵەبجە وەكو پارێزگایەكی سەربەخۆی جیانەكراوەتەوە، بەڵكو وەك بەشێك لە پارێزگای سلێمانی حیساب كراوە و كورسیەكانی جیانەكراوەتەوە.
لە لیستەكەدا كورسییەكانی پارێزگای سلێمانی وەكو جاران، 18 كورسی پەرلەمانیە و كورسییەكانی پارێزگای هەڵەبجەی لێ جیانەكراوەتەوە.
بڕیارە ڕۆژی 12ی ئایاری داهاتوو، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوە بچێت.
هەڵەبجە ناوەندی پارێزگای هەڵەبجەیە و بە یەکێک لە شارە گەورە و گرنگەکانی باشووری کوردستان دەژمێردرێ، دەکەوێتە 83کم باشووری ڕۆژھەڵاتی شاری سلێمانی، ڕووبەرەکەی 1599 کیلۆمەتری چوارگۆشەیە.
bas news-
