شاندێكی پارتی، لە 29ـیەمین كۆنفڕانسی ئایكاپ و 2ـەمین كۆنفڕانسی رێگای ئاوریشمدا بەشدار بوو
لەسەر بانگهێشتی فەرمیی رێكخراوی ئایكاپ، كە ڕێكخراوێكی نێودەوڵەتییە و ئەندامانیان پێك هاتوون لە پارتە سیاسییەكانی وڵاتانی ئاسیا و ئامانجی سەرەكییان دروستكردن و بەهێزكردنی پەیوەندیی نێوان پارتە سیاسییەكانی وڵاتانی ئاسیایە بە مەبەستی باشتركردنی بارودۆخی سیاسی و كومەڵایەتی و ئابووریی نێوان گەلان و وڵاتانی ئاسیا، شاندێكی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان كە پێك هاتبوو لە عەبدولسەلام زێباری و نووری فاخیر، لەگەڵ نوێنەری زیاتر لە 40 وڵات و سەركردایەتیی 100پارتی سیاسی لە ئاسیا، بەشدارییان كرد.
29ـیەمین كۆنفڕانسی ئایكاپ ئەمساڵ لە تارانی پایتەختی كۆماری ئیسلامیی ئێران بەڕێوە چو و، تێیدا باس لە بارودۆخی سیاسیی ئێستای ئاسیا و ئەو گرفتانەی لە بەردەم پرۆسەی سیاسی و ئابوورین، كە بوونەتە بەربەست بۆ بە دەستهێنانی ئاشتی و خوشگوزەرانی.
تەوەرێكی دیكەی كۆنفڕانسی ئایكاپ كە گوتاری پارتی دیموكراتی كوردستانی تێدا خوێندرایەوە، بریتی بوو لە گفتوگۆكردن لەسەر هەڕەشەی تیرۆر و ناسەقامگیری كە بووەتە یەكێك لە گرفتە سەرەكییەكانی بەردەم بەدەستهێنانی ئاشتی و ئارامی و بەرەوپێشەوەچوونی ئابووری. گوتاری پارتی دیموكراتی كوردستان كە لەلایەن عەبدولسەلام زێبارییەوە خوێندرایەوە، باسی لە هۆكار و لێكەوتەكانی تیرۆر و داگیركردنی بەشێكی خاكی عێراق لەلایەن داعشەوە كرد.
زێباری ئەوەی بۆ ئامادەبووان خستە ڕوو كە جێبەجێنەكردنی دەستووری هەمیشەیی عێراق و سیاسەتی گۆشەگیركردن و پێڕۆكردنی سیاسەتی تایفی و نەبوونی باوەڕ بە شەراكەتی راستەقینە لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا، هۆكاری سەرەكین لە گەییشتنی عێراق بەو بارودۆخەی كە ئێستا تێیدایە. لە ئەنجامی پێشێلكردنی دەستوور و مافە رەواكانی گەلی كوردستان و بڕینی بەشەبووجەی هەرێمی كوردستان لەلایەن حكوومەتی فیدراڵەوە و مامەڵەی نایەكسانی لەگەڵ دانیشتووانی هەرێمی كوردستان و نەبوونی روئیایەكی رۆشن و دیار بۆ داهاتوو، وای كرد هەرێمی كوردستان راپرسییەكی گشتی ئەنجام بدات كە بە هیچ شێوەیەك لە دژی بنەماكانی دەستووری عێراق و یاسا نێودەوڵەتییەكان نەبوو و، گەلی كوردستان لە پرۆسەیەكی دیموكراسیانەدا كە نوێنەری رێكخراوی ئایكاپ وەك چاودێر تێدا بەشداری كردووە، شاهیدی هەست و خۆشی و پاك و دروستی ئەو پرۆسەیە دەدەن.
بەداخەوە حكوومەتی فیدراڵیی عێراق وەك پیشەی هەمیشەیی لە پێشێلكاریی دەستووری، هێزی سەربازیی بەكار هێنا بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئەو ناوچانەی كە پێیان دەگوترێت ناوچەی جێناكوك و لە دەستووردا بە ڕوونی ئاماژەی پێ كراوە كە دەبێت بە پرۆسەی دەنگدان یەكلای بكرێتەوە. ئەم كارە نادەستوورییە بووە هۆكاری ئاوارەبوونی خەڵك و تێكچوون و ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەكانی نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی فیدراڵ.
زێباری هەروەها ئاماژەی دا، هەر لە سەرەتاوە حكوومەتی هەرێم باوەڕی تەوای بە گفتوگۆ هەبووە بۆ چارەكردنی كێشە هەڵواسراوەكانی نێوان بەغدا و هەولێر و لە چوارچێوەی دەستووری هەمیشەیی عێراقدا. پاش چەند دیدارێكی نێوان سەرۆكوەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵ، هیوایەك هەیە بۆ گفتوگۆكردن بۆ دۆزینەوەی چارەسەر و دووركەوتنەوە لە بەكارهێنانی هێز.
تەوەرێكی تری ئەو كۆنفڕانسە، بریتی بوو لە گفتوگۆكردن و دروستكردنی هەماهەنگیی زیاتر بۆ پڕۆژەی رێگای ئاوریشمی كە لەلایەن دەوڵەتی چینەوە پێشنیاز كراوە بۆ بەستنەوەی وڵاتانی ئاسیا و ئەورووپا پێكەوە لە ڕووی ئابوورییەوە و، سودێكی زۆر بەو وڵاتانە و دراوسێكانیان دەگەیێنێت، ژمارەی ئەو وڵاتانەیش 68 وڵات و لە سەدا %65ـی دانیشتووانی جیهان دەكات، كە جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژەیە، دەبێتە هۆكاری فەراهەمكردنی هەلی كار بۆ ملیۆنان هاووڵاتی و هەرێمی كوردستانیش بێبەش نابێت لە سوودەكانی ئەم پڕۆژە مەزنەی دەوڵەتی چین.
لە میانەی بەشداریكردن لەو كۆنفڕانسەدا، شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان دیدار و چاوپێكەوتنیان هەبوو لەگەڵ دامەزرێنەر و سكرتێری گشتیی رێكخراوی ئایكاپ و شاندی وڵاتانی ژاپۆن، مالیزیا، چین، ڕووسیا، نیپال، ڵاوس، كازخستان، كەمبۆدیا، ئێران، فەلەستین، ئەرمینیا و جەند شاندێكی دیكە و، لەو دیارانەدا شاندی پارتی داوای پشتگیریی زیاتریان كرد بۆ دۆزینەوەی چارەیەك بۆ پرسی گەلی كوردستان و، پشتیوانیی زیاتر بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان.
شاندی پارتی لە دیدارەكانیاندا رایانگەیاند كە، گەلی كوردستان خەباتی بۆ ئازادی و ئاشتی و بەدەستهێنانەوەی مافەكانی كردووە و، داوایان لە لە نوێنەرانی پارتە سیاسییە بەشداربووەكان كرد كە گوشاری زیاتر لەسەر حكوومەتی وڵاتەكانیان دروست بكەن تاكو هاوكار بن لە چارەكردنی كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و بە تایبەتی ئەو گرفتانەی كە ڕووبەڕووی گەلی كوردستان بوونەتەوە و دەبنەوە، چونكە چارەكردنی پرسی كورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هۆكارێكی باش دەبێت بۆ سەقامگیری و ئاشتی و بەرە پێشەوەچوونی ئابووری لە ناوچەكەدا.
kdp-
