مامۆستایەکی زانکۆ لە کەرکووک تیرۆر کرا
بەپێی هەواڵی میدیا عێراقییەکان، رۆژی سێشەممە 6/2/2018، ژمارەیەک چەکداری نەناسراو دەستڕێژی گوللەیان لە عەلی یەڵماز، مامۆستای زانکۆ کرد.
مامۆستا عەلی یەلماز لەناو ئۆتۆمبێلەکەی خۆیدا بوو لەوکاتەی لە شەقامی بەغدا لە ناوەڕاستی کەرکووک تەقەی لێ کرا و کوژرا.
دوای داگیرکردنی کەرکووک لەلایەن میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، سەقامگیریی ئەو شارە بە تەواوی تێکچووە و بەهۆی بڵاوبوونەوەی دەیان گرووپ و میلیشیای چەکداریش لەو شارە، هیچ کەسێک لە سەر و ماڵی خۆی دڵنیا نییە.
ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017، حەشدی شەعبی و چەند میلیشیایەکی دیکە، بە ڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی خیانەتکار، پەلاماری کەرکووک و خورماتوو و خانەقینیان دا و دەستیان بەسەردا گرت و سەدان ھاووڵاتیی کوردیان شەھید و بریندار کرد و نزیکەی 200 ھەزار کەسیش لەو سنوورانە ئاوارە بوون.
ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017، کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری سکترتێری گشتی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: "ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی ناو یەکێتی دایە".
ڕۆژی 27/12/2017 جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی هێزەکانی 70ی پێشمەرگە و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ڕاشکاوی ڕای گەیاند: ”هۆکاری 16ی ئۆکتۆبەر ڕیفراندۆم نەبوو، بەڵکوو خیانەتی گرووپێکی نێو یەکێتی بوو“. باسیشی لەوە کرد کە ئەگەر مام جەلال لە ژیان بووایە، ئەو گرووپەی نێو یەکێتی وەک خیانەتکار سزا دەدا.
باسنيوز
