دیلەک ئۆجەلان: بێئاگاین لە ڕەوشی تەندروستی و ئەمنی ئاپۆ

دیلەک ئۆجەلان: بێئاگاین لە ڕەوشی تەندروستی و ئەمنی ئاپۆ
پەرلەمانتارێکی ھەدەپە و خوشکەزای عەبدوڵلا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، ڕایدەگەیەنێت دوای کودەتاکەی تورکیا ،گومانی ئەوان لەسەر خراپبوونی ڕەوشی تەندروستی، و ئەمنی ئۆجەلان زیاتربووە، و "ئێمە بێئاگان لە ڕەوشی ئۆجەلان بە شێوەیەکی گشتی."

دیلەک ئۆجەلان، پەرلەمانتاری شاری ئورفای ھەدەپە لە پەرلەمانی تورکیا،تایبەت بە خەندان-ی راگەیاند" ئێمە وەک خانەوادەی عەبدوڵلا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، و پارێزەرانی ماوەی سێ ساڵە داوای بینینی دەکەین، و ناتوانین سەردانی بکەین، دەوڵەتی تورکیا بەبێ ھۆکار داواکانی ئێمە رەتدەکاتەوە ئەمەش نایاساییە."

ووتیشی "ئێستا لەوێ ئەشکەنجەدان پەیرەو دەکەن،کەس ناتوانێت لەدەرەوە سەردانی دوورگەی ئیمراڵی بکات یان نزیکی ببێتەوە، چونکە ئەوە شوێنێکی تایبەتە لە نێودەریای ئیجە."

"دوای ئەو کودەتایەی لە تورکیا ئەنجامدرا،گومانی ئێمە زیاتربووە لە سەرخراپ بوونی ڕەوشی تەندروستی و ئەمنی سەرۆک ئاپۆ،ئێمە بێئاگاین لە ڕەوشی عەبدوڵلا ئۆجەلان بە شێوەیەکی گشتی ،ئێمە ھەفتانە داواکاری پێشکەش دەکەین بۆ سەردانکردنی زیندانی ئیمراڵی،بەڵام لەلایەن حکومەت و دادگاکانی تورکیاوە ڕەتدەکرێنەوە و قبوڵناکرێن،" دیلەک ئۆجەلان وای ووت.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، فەلسەفەی "سەرۆک ئاپۆ" ئەوەیە کە شەڕ لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بوەستێندرێت،بۆیە "دەوڵەتی تورکیا نایەوێت ئەو بینینە ئەنجام بدرێت."

جەختیشیکردەوە "لە دوای بینینەکەی ٢٠١٣وە، دیالۆگ و گفتوگۆ ھاتە ئاراوە و شەڕ وەستێندرا،بەڵام دوای رێگەنەدان بەسەردانکردنی ئۆجەلان بینیمان چۆن وێرانکاری لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە دەستی پێکرد، لە باکووری کوردستان،ماڵەکان سوتێندران، و بازارەکان ھەڵوەشێندرانەوە، وگوندەکان کۆچیان پێکرا."

ئەوەشی خستەروو"لە ئێستا دەبینین ھەزاران لە ئەندامان و لایەنگرانی ھەدەپە لە نێو زیندانەکانی دەوڵەتی تورکیادان،ھاوسەرۆک و پەرلەمانتار و ھاوسەرۆکی شارەوانییەکانی ھەدەپە زیندانی کراون،حکومەتی تورکیا دەیانەوێت لەم رێگەیەوە دەستکەوتەکانی گەلی کورد لە باکوری کوردستان لە ناو ببەن،نایانەوێت دەستکەوتەکانی گەلی کورد بگاتە ئامانج،ھێرشێکی زۆر توند لە ھەموو روویەکەوە لە سەرباکووری کوردستان ھەیە، ئەمەش ھەمووی گرێدراوی ئیمراڵیە."

بەوتەی دیلەک ئۆجەلان دەوڵەتی تورکیا "نایەوێت گەلی کورد بە ئاشتی بژی، و ئێستا ھەمووان راستەوخۆ دژی کورد لە باکوری کوردستان کاردەکەن،نایانەوێـت مافی کوردەکان لە ھیچ شوێنێک بەدەست بێت،دەوڵەتی تورکیا نایەوێت کورد ئەندام پەرلەمانتار بێت، یان سەرۆکی شارەوانی بێت تەنانەت سیاسیش بێت،ناخوازن گەلی کورد بە زمانی خۆی،و کەلتوری خۆی ژیانی خۆی بگوزەرێنێت."

جەختیشیکردەوە " لێرەوە پێیان دەلێین زمانی ئێمە و کورد بوونی ئێمە وەک شیری دایکمان حەڵاڵە،مافی کەس ناخۆین و بەردەوامین دەبین لە بەرخودان."

دیلەک ئۆجەلان ڕونیشیکردەوە ئەرک و بەرپرسیارێتی ئەوان ئەوەیە،زیاتر پابەندبن بە زمانی ئاشتی و گفتوگۆ، و ئازادی ھەروەک ئۆجەلان جەختی لە سەردەکاتەوە.











خه ندان
Top