دیندار زێباری: لەسەر هەر پرسێك بە شەفافییەت لەگەڵ دونیای دەرەوە بەردەوامین
دیندار زێباری، بەرپرسی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان لە فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە پرێس كۆنفرانسێكدا ڕای گەیاند: "ئێمە چەند لێژنەیەكمان پێكهێناوە بۆ وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەكان و ئەو لێژنانە لەژێر چەتری ئەنجومەنی وەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دان و ئێمەش وەك ڕێكخەری وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەكان سەرپەرشتییان دەكەین، مەبەست لەم كارەش بۆ كردنەوەی كەناڵێكی ڕاستەوخۆیە لەگەڵ وڵاتان، بە هەمائەنگی لەگەڵ فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەی گلەیی و گازندە نێودەوڵەتییەكان، بەدواداچوونی جدیمان لەسەر هەبێت و لەسەر هەر پرسێك بە شەفافییەت لەگەڵ دونیای دەرەوە بەردەوامین".
دینار زێباری، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "تۆمەتی هیومان رایتس وۆچمان لەسەر دەستگیركراوانی داعش بەتایبەت لە دوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری سڵی پاری كەركووك لەسەر بووە و بابەتێكیان زەق كردوەتەوە لە سەر هەرێمی كوردستان، ئەویش بریتییە لەوەی لە 16ی ئۆكتۆبەر و لە كاتی هاتنی هێزەكانی حەشدی شەعبی، بەتایبەتی بۆ شاری كەركووك و دەزگاكانی ئاسایش و هێزە ئەمنییەكان دەستگیركراوێكی زۆریان هەبووە و گوایە ئێستا ئەو دەستگیركراوانە دیار نین و لە بەرامبەریشدا وەڵامی ئێمە زۆر ڕوونە كە دەزگاكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە شاری كەركووك و بەتایبەت ئاسایش هیج زیندانییەكی فەرمی نەبووە كە تۆمەتباری داعشی تێدا دەستگیر كرابێت، ئەوەی كە هەبووە زیندانی كاتی هەبووە".
ڕوونیشی كردەوە: "تەنیا لە شارۆچكەی دووبز زیندانییەك هەبووە و تێیدا ئەو داعشانەی كە خۆیان ڕادەستی هێزە ئەمنییەكان دەكرد، لەوێ زیندانی دەكران".
دیندار زێباری جەختیشی كردەوە: "دەزگای دژەتیرۆر و ئاسایشی گشتی لە هەولێر بەرپرسیارێتی سەرەكییان وەرگرتووبوو بۆ گواستنەوەی ئەو داعشانەی كە لەنێو ئەو زیندانەی دووبزدا بوون بۆ هەولێر و ئێستا لەژێر چاودێری ئاسایشی گشتی و دامودەزگا یاساییەكان دان و ئەوان بڕیار لە چارەنووسیان دەدەن و ئەو دەستگیركراوانە نزیكەی هەزار كەس دەبن و دوای پرۆسەی ئازادكردنی حەویجە خۆیان ڕادەستی هێزە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان كردووە".
بەرپرسی وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەكان لە فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "باس لە 350 كەس دەكرێت كە گوایە لە كەركووك بوونە و ئێستا دیار نین و ئێمەش دەڵێن ئەو ژمارە كەسە دیارن و لای دەزگا ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان زیندانی كراون و ئەوان دانیان بە تاونەكانیاندا ناوە كە چەكداری داعش بوونە و لیستی ناوەكانیشان لە دەزگا ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان هەیە و لەژێر لێكۆڵینە و چاودێریی دادگاكانن".
باسنیوز
