یەکێتی و گۆڕان لەسەر کاندیدی هەڵبژاردن کێشەیان بۆ دروست دەبێ
بەپێی زانیارییەکان، کە لە سەرچاوەی ئاگەدار لە دۆخی یەکێتی و گۆڕان پێی دراون، پرسی دیاریکردنی کاندید لەلایەن یەکێتی و گۆڕانەوە بووەتە کێشە و ھەر باڵە و دەیەوێ زۆرترین کاندیدی حزبەکەی لە خۆیەوە نزیک بێت.
بەپێی زانیارییەکان، کێشەکان ھەر ئەوە نین کە ئەو باڵانە دەیانەوێ کاندیدەکانی خۆیان بەرنە پێشەوە، بەڵکوو ھەندێ لە کاندیدەکانی یەکتریش رەت دەکەنەوە.
لە ھەڵبژاردنی ٢٠١٤ی پەرلەمانی عێراق، یەکێتی ٢١ کورسی و بزووتنەوەی گۆڕان ٩ کورسیی بەدەست ھێناوە، بەڵام ئەدای ھەندێ پەرلەمانتار دوور لە ھەستی نەتەوەیی و نیشتمانی، لەناو ھەردوو حزبەکە لە بەغدا تێبینیی زۆری لەسەر بووە و ھێندەی دیکە باڵە ناکۆکەکانی ئەو دوو حزبەی لە یەکتری دوور خستووەتەوە.
بەپێی زانیارییەکان، سەرجەم باڵەکانی ناو یەکێتی گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی، بەھۆی ئەدای ھەندێ لەو پەرلەمانتارانەیانەوە کە بەتەواوی کەوتوونەتە بەرەی گرووپی خیانەتی ١٦ ئۆکتۆبەرەوە، لەم ھەڵبژاردنەدا یەکێتی دووچاری شکستی گەورە دەبێت، لە ناوخۆی گۆڕانیشدا بە ھەمان شێوە، ئەدای ھەندێ پەرلەمانتار و بەرپرسی گۆڕان لە بەغدا لەلایەن ھەندێ لە باڵەکانی گۆڕانەوە بە ھۆکاری دابەزینی دەنگدەرێکی زۆری گۆڕان دەزانرێ، بەتایبەتی لە دۆخی ئێستا کە لە سلێمانی قەوارە و لیستی دیکە دروست بوون، کە پێشتر کەسەکان سەر بە بزووتنەوەی گۆڕان بوون، بەو ھۆیانەوە ھەر باڵە و ئەوانی یەکتری بە ئەدای خراپ تۆمەتبار دەکەن.
ھەر بەپێی زانیارییەکان، ئەو بڕیارەی پەرلەمانی عێراق کە نابێت پەرلەمانتار بڕوانامەکەی لە بەکالۆریۆس کەمتر بێت، ھێندەی دیکە کێشەی دیاریکردنی کاندیدی بۆ یەکێتی و گۆڕان قورستر کردووە، چونکە پێشتر زۆر لەوانەی بەڵێنی کاندیدبوونیان پێ دراوە، بڕوانامەی کەمتر لە بەکالۆریۆسیان ھەیە.
فەرھاد قادر، پەرلەمانتاری یەکێتی لە بەغدا بۆ (باس) رای گەیاند، ھەر ھەڵبژاردنە و یەکێتی بەپێی بارودۆخەکە کاندیدی دیار کردووە، لە ھەڵبژاردنەکانی رابردوودا مەڵبەند و ئۆرگانەکانی یەکێتی پشتیوانییان لە کاندیدەکان کردووە و بە چەندین فلتەری حزبیدا کراون بە کاندید، گوتی: “لە ھەندێ ئۆرگاندا راپرسی بۆ چەند کەسێک کراوە و کێ دەرچووە ئەو بووەتە کاندید، بەشێوەیەکی گشتی پشت بە ئۆرگانە تایبەتەکانی حزب بەستراوە“.
ئەو پەرلەمانتارە کە خۆی دکتۆرای ھەیە، راشی گەیاند، بڕوانامە گرنگە بۆ کاری پەرلەمانتاری، بەڵام مەرج نییە خاوەن بروانامە سەرکەوتوو بێت، گوتی: “پەرلەمانتار ھەیە بڕوانامەی ئامادەیی ھەیە و لە کارەکەی سەرکەوتووە، لەبەر ئەوە ئێستا پڕۆژەیەک بۆ ئەو پرسە پێشکەش کراوە کە ڕێگە بدات بە خەڵکانی دیکە، کە بڕوانامەی ئامادەییان ھەیە، چونکە ئێستا نابێت لە کەمتر لە بڕوانامەی بکالۆریۆس خۆی بۆ پەرلەمانتاری کاندید بکات“.
لای خۆشیانەوە ئەمین بەکر، پەرلەمانتاری بزووتنەوەی گۆڕان بۆ (باس) رای گەیاند، گرنگە مەرجی پێویست لە کەسی کاندیددا ھەبێت، گوتی: “دەبێت پەرلەمانتار قسەکەرێکی باش بێت و رۆشنبیرێکی سیاسیی باشی ھەبێت و شارەزای یاسا و دەستوور بێت و کەسایەتییەکی قبووڵکراو بێت و سوور بێت لەسەر پاراستنی پرەنسیپ و بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان“.
ئاماژەی بەوەش دا، بزووتنەوەی گۆڕان لە ڕێگەی بنەمای (سی ڤی) یەوە خەڵک بۆ ئەو پۆستە وەردەگرێت و دواتریش لەڕێگەی چەند تاقیکردنەوەیەکەوە کەسەکە وەکوو کاندید ھەڵدەبژێردرێت، کە بە بڕوای ئەوان ئەو شێوازە کەمترین کێشەی بۆ ھەر حزبێک دەبێت.
باسنیوز
