لە كەركووك حەشدی شەعبی هێرش دەکاتە سەر ئەو قوتابخانانەی كە ئاڵای كوردستانیان نەخشاندووە

 لە كەركووك حەشدی شەعبی هێرش دەکاتە سەر ئەو قوتابخانانەی كە ئاڵای كوردستانیان نەخشاندووە
گوتەبێژی ئەنجومەنی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كەركووك-گەرمیان ڕای دەگەیەنێت، میلیشیاكانی حەشدی شەعبی دەستیان بە هەڵمەتی سڕینەوەی ئاڵای كوردستان لە كەركووك كردووە.



ئەمڕۆ سێشەممە 6/2/2018، عەدنان كەركووكی، گوتەبێژی ئەنجومەنی سەركردایەتیی پارتی لە كەركووك- گەرمیان، ڕاگەیاند: میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لە كەركووك، دەستیان بە هەڵمەتێك لەدژی ئەو قوتابخانانەی كردووە كە دیواری قوتابخانەكانیان بە ئاڵای كوردستان نەخشاندووە و ئاڵاكانی كوردستانییان سڕیوەتەوە و لە شوێنەكانیشیان وێنەی ئاڵای عێراقیان لەسەر دروست كردووە و ئەو میلیشیایانە لە شوێنە گشتییەكانی تریش لە هەر شوێنێك وێنەی ئاڵای كوردستان نەخشێرابێت، ئەوا دەیسڕنەوە".



ئەوەشی خستە ڕوو: "تەنانەت لە فولكەی ئەحمەد ئاغا، ئاڵایەكی كوردستان دانرابوو، ئێستا ئەو ئاڵایە لادراوە و ئاڵایەكی یەكێك لە گرووپەكانی حەشدی شەعبی دانراوە.



ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017، حەشدی شەعبی و چەند میلیشیایەکی دیکە، بە ڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی خیانەتکار، پەلاماری کەرکووک و خورماتوو و خانەقینیان دا و دەستیان بەسەردا گرت و سەدان ھاووڵاتیی کوردیان شەھید و بریندار کرد و نزیکەی 200 ھەزار کەسیش لەو سنوورانە ئاوارە بوون.



ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017، کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری سکترتێری گشتی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: "ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی ناو یەکێتی دایە".



ڕۆژی 27/12/2017 جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی هێزەکانی 70ی پێشمەرگە و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ڕاشکاوی ڕای گەیاند: ”هۆکاری 16ی ئۆکتۆبەر ڕیفراندۆم نەبوو، بەڵکوو خیانەتی گرووپێکی نێو یەکێتی بوو“. باسیشی لەوە کرد کە ئەگەر مام جەلال لە ژیان بووایە، ئەو گرووپەی نێو یەکێتی وەک خیانەتکار سزا دەدا.




باسنیوز
Top