سەرکردەیەکی یەکێتی: کۆنگرە نەبەستین دەبێ فاتیحا بۆ یەکێتی بخوێنین
ئەحمەد قەدەفەری، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی ھەڵەبجەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕاگەیاند: کۆنگرە بۆ یەکێتی وەکوو ھەناسەدان پێویستە، ئیتر ھیچ پاساوێک نەماوە بۆ ئەوی یەکێتی کۆنگرە نەبەستێت، یان کۆنگرە دوا بخات، بەڵام ئەگەر یەکێتی کۆنگرە نەبەستێت، ئەوکاتە دەبێ گۆڕ بۆ خۆی ھەڵبکەنێت و بچێتە ناوی و فاتیحای خۆی بخوێنێت".
ئەو سەرکردەیەی یەکێتی ڕوونیشی کردەوە: "لە کاتی بەستنی کۆنگرەدا سێ بڕیارمان دا کە ھەر چوار ساڵ جارێک کۆنگرە ببەستین، بەڵام ئەوە ماوەی حەوت ساڵ زیاترە، یەکێتی کۆنگرەی نەبەستووە و کێشەکانی زیاتر بوون، بۆیە بە بۆچوونی من تەنھا کۆنگرە دەتوانێ کێشەکانی یەکێتیی چارەسەر بکات".
ئەحمەد قەدەفەری ئاماژەی بەوەش دا: "ھەوڵی ئەوە دەدرێت کۆنگرەی یەکێتی بۆ دوای ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان دوا بخرێت، بۆ ئەوەی یەکێتی بە شپرزەیی بەشداریی ھەڵبژاردنەکان بکات، بەڵام ئەوانەی دەیانەوێت یەکێتی کۆنگرە نەبەستێ، نیەتی ئەوەیان ھەیە یەکێتی ھەڵبوەشێتەوە."
جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی ھەڵەبجەی یەکێتی، جەختی لەوەش کردەوە: "تەمەنا دەکەین یەکێتی لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا کۆنگرە ببەستێت، بۆ ئەوەی بتوانین کێشەکانی یەکێتی چارەسەر بکەین و خزمەتی زیاتر بە ڕێبازەکەی ھەڤاڵ مام جەلال بکەین".
باسنيوز
