مامۆستایانی ناڕازی: قەبوڵ ناکەین شاسوار عەبدولواحید خۆپیشاندانەکانمان بۆ مەرامی گرووپەکەی بەکاربھێنێت

 مامۆستایانی ناڕازی: قەبوڵ ناکەین شاسوار عەبدولواحید خۆپیشاندانەکانمان بۆ مەرامی گرووپەکەی بەکاربھێنێت
ئەمڕۆ سێشەممە 6/2/2018، مامۆستایانی ناڕازی لە سلێمانی، لە دژی سیستەمی پاشەکەوتکردنی مووچە خۆپیشاندانێکی ناڕەزایی ئەنجام دەدەن، ئەندامێکی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازیش هۆشداری بە شاسوار عەبدولواحید دەدات.



عادل حەسەن، ئەندامی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی ، ڕاگەیاند: بەھۆی کەمتەرخەمییەکانی حکوومەتەوە، بڕیارمانداوە ئەمڕۆ وەک مامۆستایانی ناڕازی لە بەردەم پەروەردەی ڕۆژئاوای سلێمانییەوە بەڕێپێوان بۆ بەردەم نوسینگەی پەرلەمانی عێراق بڕۆین".



جەختی کردەوە، مامۆستایانی ناڕازی پێشەنگی خۆپیشاندانی ھێمنانە بوون و پێیان خۆشە ھەر حزب و ڕێکخراوێک پشتگیری لە خۆپیشاندانی مامۆستایانی ناڕازی بکات، بەڵام ”نامانەوێ هیچ حزبێک بۆ بەرژەوەندیی حزبەکە، خۆیان بە خۆپێشاندانی مامۆستایانی ناڕازی ھەڵبواسن“.



ھاوکات، ھێرش محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی ڕاگەیاند: ماوەی دوو ڕۆژە شاسوار عەبدولواحید، لەڕێگای کەناڵەکانییەوە خۆپیشاندانی مامۆستایانی ناڕازی قۆستووەتەوە و خۆی کردووە بەخاوەنی خۆپیشاندانەکان، بەڵام ئێمە قبوڵی ناکەین ھیچ حزبێک خۆی بخزێنێتە ناو خۆپیشاندانەکانی ئێمەوە".



ئەندامەکەی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی، ئەوەشی خستەڕوو: "شاسوار عەبدولواحید، دەیەوێ خۆپیشاندانی مامۆستایانی ناڕازی بۆ مەرامی سیاسیی خۆی بەکا ربھێنێت، بەڵام ئێمە ھەرگیز قبوڵی ناکەین، ھیچ حزبێک خۆپیشاندانی مامۆستایان بۆ مەرامی سیاسی بەکاربھێنێت".



جەختی کردەوە، مامۆستایانی ناڕازی بەردەوام دەبن لە خۆپیشاندان تا ئەوکاتەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان داواکارییەکانیان جێبەجێ دەکات.



باسنیوز
Top