وەزارەتی دارایی خەرجیی وەزارەت و فەرمانگەكانی دیاری كرد
وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوە داوە، چەند جۆرە کرێیەکی وەکوو ئاو و کارەبا و تەلەفۆن لە لایەن گەنجینەکان بۆ فەرمانگەکان خەرج دەکرێت، بەو مەرجەی پسوولەی خەرجییەکە رەسەن بێت، ھەروەھا لە چوارچێوەی پێشینەی مانگانەی فەرمانگەکان، رێگە دەدرێت تا ٦٠٠ ھەزار دینار خەرج بکرێت، بۆ پێداویستی و کەلوپەل و ئامێری زۆر پێویست.
لە ساڵی رابردوودا تا ٣٠٠ ھەزار دینار کەلوپەلی پێویست و گرنگ رێگەی پێ درابوو، بەڵام ئەمساڵ زیادییکراوە بۆ ٦٠٠ ھەزار دینار.
جگە لە خەرجیی کرێی ئاو و کارەبا و تەلەفۆن، ھەر پارەیەکی تر خەرج بکرێت ئەوە دەبێت رەزامەندیی وەزارەتی دارایی بۆ وەربگیرێت، دووپاتیش کراوەتەوە، ئەگەر لەدەرەوەی بڕیاری وەزارەتی دارایی و پێشینەی مانگانە، ھەندێک گرێبەست بۆ کڕینی کاڵا و کەلوپەل بکرێ، ئەوە وەزارەتی دارایی بەرپرس نابێت لەو بابەتە.
وەزارەتی دارایی ئاشکرای کردووە، پارەی مانگانەی پاککردنەوە و خواردنی نەخۆشخانە و بەندیخانەکان و خاوێنکردنەوەی شارۆچکەکان و فڕۆکەخانەکان و کرێی ئۆتۆمبێل و خانوو و باڵەخانەکان بە جیا لە پێشینەی مانگانەی فەرمانگەکان خەرج دەکرێن، بەو مەرجەی لە کاتی پەسندکردنی بودجەی ٢٠١٨ پارەی تەرخانکراوی بۆ دابندرێت.
دارایی دووپاتی کردووەتەوە، سەرجەم پاداشت و ھاوکارییە داراییەکان راگیراون، جگە لە بەخشینی بەردەستی وەزیرەکان کە پێشووتر بە فەرمانی ئەنجومەنی وەزیران پێیان دراوە.
روونیش کراوەتەوە، نابێت ھیچ خەرجکردنێک لەسەر داھاتە ناوخۆییەکانی وەزارەت و فەرمانگەکان بکرێت، کە بەپێی یاسا داھاتی خۆیانە، تەنیا ئەو حاڵەتانە نەبێت کە بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران پێیان دراوە.
ھەر لەو بڕیارانەدا ئاماژە بەوەش کراوە، نابێ بەبێ رەزامەندیی ئەنجومەنی وەزیران ھیچ فەرمانبەرێک شاند و ئیفادی دەرەوە بکرێت، جەختیش کراوەتەوە، ئەگەر شاندکردنەکە بە رەزامەندیی ئەنجومەنی وەوزیران بێت، دەبێ پارەکە لە پێشینەی مانگانە خەرج بکرێت، ئەگەر خەرجییەکەش زۆرتر بوو دەبێت نووسراو ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی بکرێت.
لەو بڕیارانە ئەوەش ھاتووە، ئەگەر خەرجییەک لە ٢٥٠ ھەزار دینار بوو، ئەوە بەبێ لیژنەی کڕین خەرج دەکرێت، بەڵام زیاتر لە ٢٥٠ ھەزار دینار تا یەک ملیۆن دینار بوو دەبێت بە رەزامەندیی لیژنەی کڕین پارەکە خەرج بکرێت، ئەگەر خەرجییەکیش لە یەک ملیۆن تا ١٠٠ ملیۆن دینار بێت، ئەوە دەبێت سێ (عەرز)ی لەگەڵ بێت و بە رەزامەندیی لیژنەی کڕین بێ، ئەگەر زیاتر لە ١٠٠ ملیۆن دینار بێت، ئەوە دەبێت (موناقەسە) ئەنجام بدرێت.
باسنیوز
