توركیا پێدانی ڤیزا بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان ئاسان دەكا

 توركیا پێدانی ڤیزا بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان ئاسان دەكا
بەپێی نووسراوێکی بەشی پێوەندییەکانی تورکیا لە فەرمانگەی پێوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ، ئاماژە بە ئاسانکاری کراوە بۆ پێدانی ڤیزای تورکیا بە ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان.



لە نووسراوەکە ھاتووە: ”دوا بەدوای کۆبوونەوەمان لەگەڵ یاریدەدەری کونسوڵی گشتیی تورکیا، سەبارەت بە ئاسانکاریی دابینکردنی ڤیزای تورکیا، پێیان راگەیاندین ئێستا میکانیزمێکی پێویست داندراوە بۆ دابینکردنی ڤیزای تورکیا، تەواوی ھاووڵاتییان دەتوانن بەئاسانی ڤیزا وەربگرن، بەبێ پشتگیریی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە“.



فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە جەختی کردووەتەوە، پێشووتر ڤیزای تورکیا ئاسانکاریی تەنیا بۆ شاندە فەرمییەکان و بەرپرسانی باڵای حکوومەت و نەخۆشیی کتوپڕ دەکرا، بەڵام ئێستا بۆ تەواوی ھاووڵاتییان ئاسانکاری دەکرێت.



فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە ئاماژەی بەوە داوە کەوا رێکارەکانی پێدانی ڤیزای تورکیا بۆ ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان گۆڕانکاریی بەسەردا ھاتووە، بە جۆرێک ھەموو ھاووڵاتییەک دەتوانێت بەئاسانی ڤیزا وەربگرێت.



روونیش کراوەتەوە، ھاووڵاتییان بۆ دەستکەوتنی ڤیزای تورکیا دەتوانن لە سەنتەری ڤیزا لە گوڵان تاوەر (سەنتەری بازرگانیی جیھانی) داواکاری و مامەڵەی خۆیان پێشکەش بکەن، پێویست بەوە ناکات ئەو مامەڵانە لەڕێگەی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ھەرێم بکرێت.



ئەنجومەنی وەزیرانی کوردستانیش بە نووسراوێک، کە کۆپییەکی دەست (باس) کەوتووە، لە ١٤ی ١ی ٢٠١٨ نووسراوەکەی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بۆ گشت وەزارەت و فەرمانگەکان ناردووە، بۆ ئاگاداربوون و کارکردن پێی.



زیاتر لە ٣٤ وڵات نوێنەرایەتییان لە ھەرێمی کوردستاندا ھەیە و ١٦ وڵاتیان ڤیزا بە ھاووڵاتییان دەدەن.




باسنیوز
Top