ئەمریکا دڵنیایی دەداتە یەپەگە

 ئەمریکا دڵنیایی دەداتە یەپەگە
فەرماندەی گشتیی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ی باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە رۆژئاوای کوردستان رایدەگەیەنێت، کە ئەمریکا دڵنیایی داوەتە یەپەگە لە ھێرشی تورکیا.



سیپان حەمۆ، فەرماندەی یەپەگە بە رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت)ی راگەیاندووە، کە ھاوکارییەکانی رژێمی سووریا بۆ ئەوان لە شەڕی دژی سوپای تورکیادا، ”تەنیا مرۆیی و پزیشکییە“.



سیپان حەمۆ ھەروەھا رایگەیاندووە، دوای ١٧ رۆژ ھێرش، تورکیا ھیچ ئامانجێکی خۆی لە عەفرین نەھێناوەتە دی و ”ئێستا بە حیساباتەکانی خۆیاندا دەچنەوە“.



فەرماندەی یەپەگە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ئەمریکا دڵنیایی داوەتە یەپەگە لەوەی رێگا بە سوپای تورکیا نادات ھێرش بکاتە سەر شاری منبج و بچێتە ناوییەوە.



ھەروەک سیپان حەمۆ رایگەیاندووە، لە میانەی ١٧ رۆژ رووبەڕووبوونەوەی سوپای تورکیا و گرووپە توندڕەوەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا، ١١ تانکی تورکیا و ئەو ھێزانە سوورییانەیان تێک شکاندووە.



لە رۆژی شەممە ٢٠/١/٢٠١٨ـەوە، سوپای ئازادی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و سوپای تورکیا بە بەکارھێنانی ھێزی ئاسمانی، زەمینی و تۆپخانە، لەژێر ناوی ئۆپەراسیۆنی (چلە زەیتوون)، ھێرشیان کردووەتە سەر شاری عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان.




باسنیوز
Top