ئەنقەرە: رووسیا ئاسمانی سووریای بۆ واڵا كردووین
ئەمڕۆ دووشەممە حكوومەتی تورکیا ئاشكرای كرد كە رووسیا ئاسمانی سووریای بۆ واڵا كردوون، بۆیە بە ئارەزووی خۆیان لە ئاسمانەوە هێرش دەكەنە سەر شاری عەفرین لە رۆژئاوای كوردستان.
بەکر بۆزداغ گوتەبێژی حكوومەتی ئەنقەرە رایگەیاند "ھێزەكانی سوپای تورکیا بە شێوەیەکی کاریگەر ئاسمانی عەفرین بەکار دەھێنن و بەردەوامیشن لە بەکارھینانی".
گوتەبێژی حکوومەتی تورکیا گوتیشی "لە ھەر شوێنێکی سووریا ببینین کە چەک و تەقەمەنی رەوانەی عەفرین دەکرێت، تورکیا دەیكاتە ئامانج و لەنێوی دەبات".
بۆزداغ نەیشاردەوە كە لە دوای ڕێكەوتنیان لەگەڵ مۆسكۆ، دەستیان بە بەكارهێنانی هێرشی ئاسمانی كردووە بۆ سەر سووریا و بەپێی ڕێكەوتنەكەش بەردەوام دەبن.
رۆژی 20/1/2018 هێرشى سوپای توركيا و چەكدارە عەرەب و توركمانەكانی میلیشیای جەیشی حوری سووری بۆ سهر شاری عەفرين لە رۆژئاوای كوردستان دەستیپێكرد. تا ئێستە سەدان هاووڵاتی سیڤیل لە شارەكە و دەوروبەری بوونەتە قوربانی.
bas news-
