بەبێ كورد بوودجە پەسەند بكرێت، بەغدا بەرەوڕووی رەخنەی نێودەوڵەتی دەبێتەوە
پێش چەند رۆژێك، فڕاكسیۆنە كوردییەكان لە پەرلەمانی عێراق لەگەڵ سەرۆكوەزیراندا كۆ بوونەوە و، داوایان كرد بەشەبوودجەی ھەرێم لە پڕۆژەیاسای بوودجەی عێراق لە دوو ترلیۆن و٤٠٠ملیار دینارەوە، بۆ ١٠ترلیۆن دینار زیاد بكەن، وەكوو ئەوەی سندووقی دراوی نێودەوڵەتی كردوویەتییە مەرج بۆ پێدانی قەرز بە عێراق، سەرۆكوەزیرانیش داوای لە نوێنەرانی كورد لە لیژنەی دارایی كرد كە، ئەو پرسە لەگەڵ بریكاری وەزارەتی دارایی یەكلا بكەنەوە و بیكەنە راپۆرتێك و بیدەنە خۆی، بۆ ئەوەی بگەنە ھەر ئەنجامێك، لە پڕۆژەیاسای بوودجەدا جێگیر بكرێت.
لەو بارەیەوە، سەرحان سلێڤانەیی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "بڕیار بوو دوێنێ لەسەر داواكاریی سەرۆكوەزیرانی عێراق، پشكی ھەرێمی كوردستان لە پڕۆژەیاسای بوودجەدا یەكلا بكەینەوە، بەڵام بریكاری وەزیری دارایی ئامادە نەبوو پێشوازی لە ئێمە بكات بە بیانووی ئەوەی كاری دیكەی ھەیە، بۆیە نەمانتوانی لەگەڵیدا كۆ ببینەوە و ئەو پرسە یەكلا بكەینەوە، بڕوایش ناكەم دەستكاری بوودجە بكرێت و داواكاریی ئێمە جێبەجێ بكرێت، بۆیە ئێمەیش بە پەرلەمانمان راگەیاندووە كە دەنگ بەو پڕۆژە یاسایە نادەین".
لای خۆیشیەوە، ئیسلام حوسێن، پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "ئێمە بەشداری لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا ناكەین، لەبەر ئەوەی داواكاریی ئێمە لە پڕۆژەیاسای بوودجەدا جێبەجێ نەكراوە، بۆ ئەو مەبەستەیش ھەموو فڕاكسیۆنە كوردییەكان یەكھەڵوێستن و دەنگ بە بوودجە نادەن".
حوسێن گوتیشی، ئەو یەكھەڵوێستییەی كورد زۆر گرینگە، چونكە ئەگەر كورد دەنگ بە پڕۆژەیاسای بوودجە نەدات كە پێكھاتەیەكی سەرەكیی عێراقە، ئەو كات عێراق ڕووبەڕووی رەخنەی زۆری نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتووەكان و سندووقی دراوی نێودەوڵەتی دەبێتەوە، كە بێگومان ئەوانیش ھاوكاریی عێراق ناكەن، لەبەر ئەوەی بڕیارە لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا كۆنفڕانسێك بۆ ئاوەدانكردنەوەی عێراق لە كوێت ئەنجام بدرێت، بۆیە رەنگە نەتوانن بە بێ كورد بوودجە پەسەند بكەن".
kdp-
