زیاتر لە ٣٠٠ ئۆتۆمبێلی کەرکووکیان دزراون.. بە نایاسایی پارە لە شوفێران وەردەگیرێت
بەپێی ئەو زانیارییەی دەست ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان كەوتووە، كۆمپانیاكە كەسێكی توركمان خاوەندارێتی دەكات، گوایە ئەو لۆگۆیە، كە لەزگەیەكە، بەرنامەی "جی پی ئێس"ـی تێدایە! بۆ دۆزینەوەی ئەو ئۆتۆمبێلانەی كە دەدزرێن، بەڵام هاووڵاتییەكی شارەكە بە ناوی ئەحمەد، ئەو كارە بە ناڕاست دەزانێت و بە سەرسووڕمانەوە دەڵێ، "ئایا لەزگەی بێ ئەنتێن، چۆن دەبێتە جی پی ئێس؟ یانیش كەسێك ئۆتۆمبێلێك بدزێ، لەزگەكەی لادەبات و سوودی نابێت".
بە گوێرەی ئامارە نافەرمییەكان، لە دوای ١٦ـی ئۆكتۆبەرەوە، تاوەكوو ئێستا زیاتر لە ٣٠٠ ئۆتۆمبێلی هاووڵاتیان بە هۆی نەبوونی ئەمن و ئاساییش لە شارەكەدا، دزراون و تا ئێستایش نەدۆزراونەتەوە، هاووڵاتییەكەی شاری كەركووك، پێی وایە دەستی حەشدی شەعبی تێدایە، هۆكارەكەیشی بۆ ئەوە دەگێڕێتەوە، ئەو هێزە لەو كەسانە پێك هاتوون، كە لە خواروو و ناوەڕاستی عێراقدا ژیاون و بێكار بوون، بەڵام جەمال مەولوود، ئەندامی ئەنجوومەنی شارەكە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، "عەرەب و توركمانەكان، پڕوپاگەندەیەكی زۆر دەكەن، گوایە ئەو ئۆتۆمبێلانەی دەدزرێن، لەلایەن كوردەكانەوەیە و دەیانبەنە چەمچەماڵ".
ئاماژە بە كۆمپانیاكەیش، ئەو ئەندامەی ئەنجوومەن دەڵێ، لە سەردەمی نەجمەددین كەریم، هەڵگیرا، چونكە وەزارەتی ناوخۆ رێی بەو كۆمپانیایە نەدا، بەڵام دوای ١٦ـی ئۆكتۆبەر، دووبارە دەسی بە كارەكانی كردووەتەوە.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، بە سەرسامییشەوە ئاماژە دەدات، بەڕێوەبەری هاتوچۆی شارەكە بە شێوەیەك بەرگری لەو كۆمپانیا نایاساییە دەكات، وەك ئەوەی شەریكی بێت.
ئەحمەد كە خۆی دانیشتووی شارەكەیە، باسیش لەوە دەكات، ئەو كۆمپانیایە، تەنانەت ئەو لۆگۆیە لە بازگەكانیش بەو ئۆتۆمبێلانە دەدەن كە تەنیا بە شارەكەدا تێدەپەڕن و، بۆ هەر لۆگۆیەك بڕی ١٥ هەزار دینار وەردەگرن. هەر ئۆتۆمبێلێكیش نەیكات، یاخود نەیكردبێت، بڕی ١٥ هەزار سزا دەدرێت.
هەمان ئەو كۆمپانیایە، كە خاوەنەكەی توركمانێكی شارەكەیە، كەسوكاری خۆی وەك كارمەند دامەزراندووە، لەبری پیاوانی هاتوچۆ بە شاردا بڵاو كراونەتەوە و هەر ئۆتۆمبێلێك ببینن، لۆگۆی هەڵۆی كەركووك بە جامی ئۆتۆمبێلەكەیەوە نەبێت، سزا دەدرێت و لە هەر سزایەكیش بڕی ٧٥٠ دینار بۆ كارمەندەكە دەبێت.
kdp-
