مەسروور بارزانی: تاوەکوو دۆخی کەرکووک ئاسایی نەکرێتەوە دان بە پێشنیازەکانی بەڕێوەبردنیدا نانێین

 مەسروور بارزانی: تاوەکوو دۆخی کەرکووک ئاسایی نەکرێتەوە دان بە پێشنیازەکانی بەڕێوەبردنیدا نانێین
ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕای گەیاند، تاوەکوو دۆخی کەرکووک ئاسایی نەکرێتەوە، دان بە سیستەمی بەڕێوەبردنی شارەکەدا نانێن و کەرکووک بە شارێکی داگیرکراو دەزانن.

مەسروور بارزانی، ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، لە پەراوێزی کۆنفرانسی ساڵانەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، هەرێمی کوردستان بەو پێشنیاز و دابەشکارییەی پۆستەکان بۆ کەرکووک ڕازی نییە کە کراوە، لەبارەی ئەوەی هەر یەکێک لە پێکهاتەکان ڕێژەی 32٪ی پۆستەکانی شارەکەیان پێ بدرێت.

جەختیشی لەوە کردەوە: ”کەرکووک بەلای ئێمەوە داگیر کراوە، تاوەکوو دۆخی ئاسایی نەکرێتەوە، ئێمە دان بە هیچ یەکێک لەو سیستەمانە نانێین کە پێشنیاز دەکرێت“.

دووپاتیشی کردەوە کە ئەو ناوچە کوردستانییانەی لە دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دان، پێویستە مافی دەستوورییان جێبەجێ بکرێت و ڕەوشی ناوچەکان ئاسایی بکرێنەوە.

ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لەبارەی هەڵبژاردنەکانی عێراق و پەسەندکردنی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئاماژەی بەوە کرد کە جارێ هەڵبژاردن لە عێراق نەکراوە و ئەم بابەتانە بۆ دوای هەڵبژاردن قسەی لەبارەوە دەکرێ.










باسنيوز
Top