ئێران: دەبێ تورکیا هێرشەکانی بۆ سەر عەفرین ڕابگرێت

 ئێران: دەبێ تورکیا هێرشەکانی بۆ سەر عەفرین ڕابگرێت
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەمڕۆ لە پرێس کۆنفرانسێکدا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە دەبێ سوپای تورکیا هێرشەکانی بۆ سەر عەفرین ڕابگرێت و دەبێ لەمبارەوە بە سیاسەتەکانیدا بچێتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی میدیا فەرمییەکانی ئێران، ئەمڕۆ دووشەممە 2018/2/5 بەهرام قاسمی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە پرێس کۆنفرانسی هەفتانەی خۆیدا لە تاران لە بەشێک لە قسەکانیدا لەبارەی هێرشی سوپای تورکیا بۆ سەر عەفرین ڕای گەیاند: "تورکیا دەبێ ئەو هێرشانە ڕابگرێت، چونکە درێژەدان بەم هێرشانە دەبێتە هۆی ناسەقامگیریی ناوچەکە و گەڕانەوەی تیرۆریستان".

بەهرام قاسمی ئاماژەی بەوەش کرد: "دەبێ تورکیا لەمبارەوە پێداچوونە بە هەڵوێست و سیاستەکانیدا بکات، چونکە ئەوەی پیوەندیی بە سووریاوە هەبێت، دەکرێ لە دانوستانەکانی ئاستانە چارەسەر بکرێن".

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا هەڵوێست و لیدوانی بەرپرسانی باڵای ئەمریکای لەبارەی پرسی حیجاب "ڕووپۆش" لە ئیرانی بە دەستیوەردان لە کاروباری ئێران لەقەڵەم دا و گوتی: "ئەمریکا بۆی نییە لە کاروباری ئێراندا دەستیوەردان بکات".

هاوکات لەبارەی دانوستان لەگەڵ ئەورووپا لە چوارچێوەی پرسی چالاکییە مووشەکییەکانی ئێران گوتی: "ئەمریکا لە جۆری پێوەندییەکانی ئێران و ناوچە و یەکێتیی ئەورووپا ناڕازییە و لە هەوڵی ئەوە دایە بە زەخت و گوشار بۆ سەر وڵاتانی ئەورووپا ویستەکانی خۆی بسەپێنێت".











باسنيوز
Top