ھۆکاری ڕاستەقینەی داخستنی کەناڵی (KNN) ئاشکرا کرا

ھۆکاری ڕاستەقینەی داخستنی کەناڵی (KNN) ئاشکرا کرا
ماوەی چەند ڕۆژێکە کەناڵی (KNN) کە بە زمانحاڵی فەرمیی بزووتنەوەی گۆڕان ناسراوە، بە ھۆکارێکی نادیار داخراوە و سەرجەم کارمەندەکانیشی ڕەوانەی ماڵەوە کراونەتەوە.

بە نووسراوێکی فەرمی کە واژۆی بەڕێوبەری کەناڵەکەی بەسەرەوەیە، گرێبەستی سەرجەم کارمەند و بەڕێوبەر و بەرپرسی بەشەکانی کەناڵەکە لە ڕۆژی 31/1/2018ەوە ھەڵوەشێندراوەتەوە کە ئەگەر هەیە لە حاڵەتی کردنەوەی کەناڵەکەدا، بەڕێوەبەر و ستافی پێشووی ئەو کەناڵە جارێکی دیکە گرێبەستیان بۆ نەکرێتەوە.

لەمبارەیەوە یەکێک لە بەرپرسە باڵاکانی میدیای گۆڕان ئاشکراي کرد: ”ھۆکاری داخستنی کەناڵەکە تەنیا بۆ قەیرانی دارایی ناگەڕێتەوە، بەڵکوو کۆمەڵێک کێشەی دیکە وای کردووە کەناڵەکە دابخرێت، بەتایبەتی کێشەی دژایەتیکردنی کارمەند، ھەروەھا کێشەی دارایی کەناڵەکە، بەڵام لە ھەمووی گرنگتر ئەوەیە کە کێشەی ئیداریی کەناڵەکە ھێندە ڕەنگدانەوەی ھەبووە کە ئێمە نەتوانین دەرەنجامێکی باش بۆ ئەو کێشانە بدۆزینەوە، بۆیە کەناڵەکە داخراوە".

ئەوەشی ڕوون کردەوە: "بەشێکی زۆری سەرکردەکانی گۆڕان مناقەشەی ئەوە دەکەن کە ئاخۆ کەناڵی (KNN) سەر بە کۆمپانیای (وشە)یە، یان سەر بە بزووتنەوەی گۆڕانە؟ بێگومان یەکلایی نەکردنەوەی کەناڵی (KNN) لە نێوان کۆمپانیایی وشە و بزووتنەوەی گۆڕان یەکێکە لە کێشە سەرەکییەکانی کەناڵەکە". ئەوەشی نەشاردەوە کە کۆمپانیای وشە خاوەندارێتییەکەی بۆ کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا دەگەڕێتەوە.

دەربارەی ئەوەی تاچەند داخستنی کەناڵەکە پەیوەندی بە دەستێوەردانی هەریەک لە کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا و قادری حاجی عەلییەوە هەیە؟ ئەو بەرپرسە باڵایەی میدیای گۆڕان نەیشاردەوە کە جۆرێک لە دەستێوەردان هەیە و گوتی: ”ھەریەک لە کوڕەکانی نەوشیروان مسەتەفا، لەگەڵ قادری حاجی عەلی، پێگەیەکی بەھێزیان ھەیە لەناو گۆڕاندا و دەسەڵاتی ئەوەشیان ھەیە لەسەر (KNN) قسە بکەن، یان ھەڵوێستی خۆیان ھەبێت، بێگومان کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا و قادری حاجی عەلی، قسەی خۆیان لەسەر کەناڵی (KNN) ھەبووە".










باسنيوز
Top